Accessibility links

مەترسی دیپۆرتکردنی 20 پەنابەری سیاسی لە تورکیاوە بۆ ئێران


ئەمیر کەهریزی، چالاکی سیاسی کورد
ئەمیر کەهریزی، چالاکی سیاسی کورد

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەی ئەو پەنابەرە ئێرانییانەی کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لە تورکیاوە بۆ ئێران دیپۆرت کراون، زیادی کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی ئێرانی، ژیانیان ڕووبەڕووی مەترسی و دەستبەسەرکردن و سزای قورس دەکاتەوە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی 20 پەنابەری سیاسی ئێرانی لە تورکیاوە بۆ ئێران لە ئارادایە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی هەینی 25ی مانگی هەشت لانیکەم 20 پەنابەری سیاسی ئێرانی بە مەبەستی دیپۆرتکردنیان بۆ ئێران بە فەرمانی کاربەدەستانی کەمپی شاری ئەدێرنە لە تورکیا، گواسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

شەهلا چورکە هاوسەری ئەمیر کەهریزی، یەکێک لەو پەنابەرە سیاسییانە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندووە " سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی هاوسەرەکەم لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا پێی وتم کە لانیکەم 20 پەنابەری سیاسی ئێرانی کە لە کامپی شاری ئەدێرنەدا بوون، بە مەبەستی گواستنەوە بۆ شوێنێکی نادیار بانگهێشت کراون. دوای ئەم پەیوەندییە ئیتر ئاگامان لێیان نییە و نازانین چییان لێ بەسەر هاتووە، تەنها هەندێ هەواڵی پشتڕاستنەکراوە هەیە کە دەڵێن گواستوونیانەتەوە بۆ کامپی شاری ئاگری لە سەر سنووری ئێران."

ئەمیر کەهریزی، چالاکی سیاسی خەڵکی کرماشانە و ئەندامی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانە کە ماوەی 10 ساڵ لە هەرێمی کوردستان ژیاوە.

ناوبراو مانگی پێنجی ئەمساڵ لە ڕێگای کۆچکردندا بەرەو ئەوروپا لە لایەن پۆلیسی یۆنانەوە دەستبەسەر کرا و ڕادەستی تورکیا کرایەوە.

چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵێن، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران لە تورکیاوە بۆ ئێران مەترسییەکی زۆر بۆ سەر ژیانی پەنابەرانی سیاسی و چالاکوانان و هەروەها ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی دروست دەکات.

ئەڵمانیا دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران و سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئێرانی ڕاگرتوە.

بەپێی مادەی 33ی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی ژنێڤ بۆ مافەکانی پەنابەران، هیچ کام لە دەوڵەتانی ئەندام لەو ڕێککەوتننامەیە بە هیچ شێوەیەک نابێت پەنابەرێک دیپۆرت بکەنەوە ئەگەر ژیانی ئەو پەنابەرە بکەوێتە مەترسییەوە بە هۆکاری پەیوەست بە ڕەگەز، ئایین، نەتەوە، ئەندامێتی لە گروپێکی کۆمەڵایەتی یان بۆچوونێکی سیاسی.

سەرچاوە/تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

XS
SM
MD
LG