Accessibility links

بۆچی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەجیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە؟


كۆبونەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا
كۆبونەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە پرسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هۆکاری بەجیا کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هاکان فیدان "بابەتی پرۆتۆکۆڵییە، چونکە شاندی تورکیا داوایکردبوو بەجیا لەگەڵ هەموو لایەنەکان دابنیشن."

بەڵام پێچەوانەی حکومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم ئامادەی دانیشتنەکەبوو.

سەردانەکەی ڕۆژی پێنچشەممەی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان بۆ هەولێر لە چوارچێوەی یەکەم سەردانی فەرمی ئەو بوو بۆ عێراق.

پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بە ئامادەبوونی شیخ جەعفەر شێخ مستەفا، هاکان فیدان لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆبووەوە و پاش کۆبونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجام دا.

لە میانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند لە سەر چەندین تەوەری گرنگ گفتوگۆیان کردووە لە نێوانیان تەوەری ئەمنی و چۆنیەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان " بەگوێرەی ئەو مافە دەستوورییانەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، بتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەجۆرێک چارەسەری بکەین، کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت."

دواتر قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی جیای لەگەڵ هاکان فیدان ئەنجامدا و لە ڕاگەیێندراوێکدا وتی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆی کرد لەسەر چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەکان، "بە تایبەتیش پرسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی."

قوباد تاڵەبانی و هاکان فیدان
قوباد تاڵەبانی و هاکان فیدان

لە مانگی چواری ئەمساڵەوە تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتیەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرتووە بە بیانوی هەبوونی چالاکیەکانی پەکەکە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی مەسرور بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان، سەرۆک وەزیران هیچ ئاماژەیەکەی بە پرسی فرۆکەخانەی سلێمانی نەکرد.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی فەرمی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هاکان فیدان بە "ئیجابی" وەسفکرد و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "قوباد تاڵەبانی لە گفتووگۆکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد بارودۆخی سیاسی و ئابووری نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێکی باشدا نییە، کێشەو گرفت هەیە لەسەر پرسی بودجە و تا ئێستا کێشەکان چارەسەر نەکراون. یەکێک لە هۆکارەکانیش یەکدەنگ نەبوونی کوردە لە بەغدا."

پێشتر بەهۆی خراپی پەیوەندییەکانی نێوانیان، تیمی یەکێتی لە حکومەت بۆ ماوەی زیاتر لە 6 مانگ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی بایکۆت کرد، تا دواجار لە بەرواری 8/5/2023 مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی یەکتریان بینی.

بەڵام سەرەڕای شکاندنی بایکۆتەکە لەلایەن تیمی یەکێتی لە حکومەت، تا ئێستا ناکۆکی توند لە نێوانیاندا هەیە بەتایبەت لە وەزارەتی پێشمەرگە.

دوێنێ دەنگی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە تیمی یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەم هەفتەیە بەبێ بەشداری تیمی پارتی سەردانی بەغدایان کردووە و ماڵپەڕی وەزارەتی پێشمەرگە، کە پێشتر بەرپرسانی یەکێتی گوتویانە لەژێر دەستی پارتی دایە، هیچ ئاماژەیەکی بە سەردانەکە نەکردووە.

XS
SM
MD
LG