Accessibility links

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی 50% کەمدەکرێتەوە


مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاریدا لە ڕۆژی 27ی 9ی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجهەم ببەستێت و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەکەدا سستمی هاوسەرۆکی بەیەکجاری هەڵبوەشێنرێتەوەو ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیش 50% کەمبکرێتەوە.

ئەبو زەید ساڵەح، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بارودۆخی سیاسی و ناوخۆیی حزبی وایخست لە کۆنگرەی 4 دا ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی زۆربن. ڕەنگە دۆخەکە وابخوازێت پێداچوونەوە بە ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیدا بکرێت و ڕێژەکە 50% کەمبکرێتەوە."

لە کۆنگرەی 4ی یەکێتیدا کە لە مانگی 12ی ساڵی 2019 بەسترا، 124 کەس بە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە هەڵبژێردران، هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیش وەکو هاوسەرۆکانی یەکێتی دەستنیشانکران.

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ژمارەی ئەندامانی داهاتووی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی کەمدەکرێنەوە بۆ55 تا 60 کەس."

لاهور شێخ جەنگی و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی لە مانگی تەموزی ساڵی 2021ەوە لە یەکێتی دوور خراونەتەوە. بەرپرسانی ئەو حزبە جەخت لەسەر ئەوەدەکەوە بانگهێشتی کۆنگرەی پێنج ناکرێن و بەیەکجاری دەرگای یەکێتییان بەڕوودا دادەخرێت.

ئەبو زەید ساڵەح، دەڵێت، "سستمی هاوسەرۆکیمان لە ڕابردوودا ئەزموونکرد، ڕەنگە لە کۆنگرەی پێنجدا بڕیاری کۆتایی لە بارەی چەسپاندنی سەرۆک یان سکرتێر بدرێت، چونکە کاتی ئەوە هاتووە یەکێتی سەرۆک یان سکرتێرێکی هەبێت."

لەبارەی هەڵوێستی لاهور شێخ جەنگی و نزیکەکانی لەسەر کۆنگرەی پێنجی یەکێتی، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندیکرد بە شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتی دوورخراوەی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

لە کۆنگرەی چواری یەکێتیدا، ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لە سەرکردە دێرینەکانی ئەو حزبە هەڵبژێردران. ئەنجومەنەکە لەلایەن کۆسرەت رەسوڵەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و 8 کەس ئەندامن تێیدا کە بریتین لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، مەلا بەختیار، عەدنان موفتی، ئەرسەلان بایز، جەعفەر شێخ مستەفا، حاکم قادر و دلێری سەید مەجید.

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، کەمترین ڕۆڵیان هەبووە لە ناوەندی بڕیاری حزبەکەیاندا، بۆیە بەشێکی زۆریان لە دۆخەکە ناڕازین و چالاکییە حزبییەکانیان تاڕادەیەک هەڵپەساردووە.

ئەبو زەید ساڵح، دەڵێت،"ڕەنگە پێداچوونەوە بکرێت و ئەنجومەنەکە کاراتر لە جاران ئەرک و مەهامیان پێ بسپێردرێت."

هەروەها وتیشی،"ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی هەموویان قاڵبووی ناو سیاسەتن و هی ئەوەن پرس و ڕایان پێبکرێت. ڕەنگە خۆشیان پرۆژەیان هەبێت."

یەکێتی نزیکەی مانگێکی لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنج، بەڵام تا ئێستا ئامادەکاری نەکراوە بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانس و هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە نێو مەڵبەند و کۆمیتەکان، ئەمەش ئەو گومانەی دروستکردووە کە شیانی هەیە کۆنگرەکە "شکڵی"بێت.

بەڵام ئەبو زەید ساڵح، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، جەختیکردەوە ماوەی سێ مانگە گفتووگۆ لەبارەی بەستنی کۆنگرەوە دەکرێت و لیژنەکان بەرچاویان ڕوونە، لە هەفتەی داهاتووشەوە کۆبوونەوەکان بۆ ئامادەکاری دەستپێدەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:16 0:00

XS
SM
MD
LG