Accessibility links

تورکیا بەهۆی نائارامییەکانی قوبرسەوە هێرشە زارەکییەکانی دژ بە نەتەوە یەکگرتووەکان چڕ دەکاتەوە


ئەندامێکی هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قوبرسی تورکیا
ئەندامێکی هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قوبرسی تورکیا

تورکیا ڕۆژی سێشەممە بە تووڕەییەوە بەیاننامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕەتکردەوە کە تیایدا دوایین نائارامییەکانی دوورگەی دابەشکراوی قوبرسی خستە ئەستۆی حکومەتی جیابووەوەی کە ئەنقەرە پشتیوانی دەکات.

ئەم شەڕە زارەکییە دوای شەڕ و ئاژاوەیەک هات کە هەینی ڕابردوو ئاشتیپارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداربوون تیایدا و جەختی لەسەر ئەو بەربەستە زۆرانە کردەوە کە تورکیا ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەکاتێکدا هەوڵەکانی بۆ پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەوروپا زیندوو دەکاتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی ڕۆژئاوای کردە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی لە دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنێکی سەختدا لە مانگی پێنج.

بەڵام یەکێک لە ناکۆکییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەورووپادا پشتیوانی لە حکومەتێکی جیابووەوە لە باکووری قوبرسی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەگرێتەوە کە دەسەڵاتەکەی تەنیا لەلایەن ئانکەرەوە دانپێدانراوە.

ئەو گرژییانە کاتێک زیادبوون کە ئاشتیپارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەینی ڕابردوو هەوڵیان دا بە شێوەیەکی فیزیکی ڕێگری لە ئیدارەی قوبرسی تورکیا بکەن لە دروستکردنی ڕێگایەک لە ناوچەی پارێزراو کە دوورگەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دابەش دەکات.

هەردوولا لەسەر ئەوە ڕایانگەیاندووە کە چوار ئەندامی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قوبرس (UNFICYP) لە ڕووداوەکەدا بریندار بوون.

یەکێتی ئەوروپا و واشنتن هەردووکیان ئەو ململانێیەیان خستە ئەستۆی ئەو ئیدارەیەی کە تورکیا پشتیوانی دەکات.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای کۆبوونەوەیەکی داخراو سەبارەت بە قەیرانەکە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هۆشداریدا لەوەی "ئەو هێرشانەی کە ئاشتیپارێزان دەکەنە ئامانج، ڕەنگە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بچنە خانەی تاوانەوە".

ئەنجومەنە 15 ئەندامییەکە هەروەها "داوای لابردنی هەموو بیناسازییە بێ مۆڵەتەکان و ڕێگریکردن لە چالاکییە سەربازی یان مەدەنییە بێ مۆڵەتەکانی ناو هێڵەکانی ئاگربەست و بەدرێژایی هێڵەکانی ئاگربەست کردووە".

تورکیا بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نادادپەروەرانە ناوبرد.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت "ئەو بەیاننامەیەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تەواوی جودایە لە ڕاستییەکانی لەوێ ڕوودەدەن".

لە ڕاگەیەندراوەکەی تورکیادا هاتووە "ئاگادارکردنەوەکە سەبارەت بە کاری ڕێگاوبانەکان زۆر پێشوەختە درابوو. بەم شێوەیە دەستێوەردانی فیزیکی سەربازانی UNFICYP لە کاری دروستکردنی ڕێگاوبانەکان هۆکاری ئەو گرژییە بووە."

ئەم ڕووداوە بووە بە یەکێک لە جددیترین ڕووداوەکانی لەم شێوەیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەو دوورگەیە.

لەو کاتەوە بەرپرسانی قوبرسی تورکیا وتووێژیان لەگەڵ نێردە ناوخۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەستپێکردووە و کارەکانیان لەو ناوچە جێناکۆکەدا ڕاگرت.

بەڵام هەم ئەوان و هەم ئانکەرە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەو ڕێگایە هەم یاسایی بووە و هەم پێویست بووە بۆ بەستنەوەی پێکهاتەکانی قوبرسی تورک لە گوندی پیلا کە لە ڕووی نەتەوەییەوە تێکەڵاو بوون لەگەڵ ئەوانەی لە باکوور دەژین.

هەروەها کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن نەتەوە یەکگرتووەکان چاوی لەئاست ڕێگاکانی بەستنەوەی پێکهاتەکانی قوبرسی یۆنانی لە ناوچەکەی لەگەڵ باشووردا داخستبوو.

قوبرس لەوکاتەوە دابەش بووە کە هێزەکانی تورکیا بەشی سێهەمی باکوری دورگەکەیان لە کاردانەوە بە کودەتایەکی سەربازی بە پشتیوانی دەسەڵاتی جونتای یۆنان لە ساڵی 1974دا، داگیرکرد.

هەوڵەکان بۆ یەکخستنەوەی ئەو دوورگەیە لە دوای تێکچوونی دوایین خولی دانوستانەکان بە پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2017 وەستان.

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی کە لە مێژرەوە ڕاوەستاون، دەبەستەنەوە بە یەکلاییکردنەوەی کێشەی قوبرس.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا مانگی ڕابردوو وتی "چارەسەرکردنی پرسی قوبرس بەگوێرەی بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کلیلی دووبارە پەیوەندی دروستکردنەوە لەگەڵ تورکیادا دەبێت."

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەنقەرە پێشبینی دەکات برۆکسل "پێداچوونەوە بە بۆچوونی توندی خۆی بکات سەبارەت بە ئەندامێتی".

فیدان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند پێویستە دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەنەوە "ئێمە پێمان وایە پەیوەستبوونی تورکیا بە یەکێتی ئەوروپا کارێکی ستراتیژییە کە دەتوانێت پێگەی یەکێتی ئەوروپا لە جیهاندا زیاتر بەهێز بکات".

XS
SM
MD
LG