Accessibility links

حکومەتی عێراق بێ ڕاوێژ لەگەڵ هەرێم سەرقاڵی دەرهێنانی نەوتە لە نزیک کفری


پاڵاوگەی نەوت
پاڵاوگەی نەوت

بۆ یەکەم جار لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، وەزارەتی نەوتی عێراق بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت دەستبکات بە کارکردن لە کێڵگەیەکی نەوتی و گازی گرنگ لە سنوری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە کە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای خانەقینە و یەکێکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

بەهجەت ئەحمەد، ڕاوێژکاری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ کاروباری وزە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق بۆ لێدانی بیرە نەوتی نوێ لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕاوێژی لەگەڵ هەرێم نەکردووە، لەکاتێکدا پێویستبوو ڕاوێژ بکات. هۆکاری راوێژنەکردنیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یاسای نەوت و گاز لە عێراق دەرنەچووە."

هەروەها وتیشی،"بەهۆی دەرنەچوونی یاسای نەوت و گازەوە، وەزارەتی نەوت بە یاسا کۆنەکان کاردەکات و بە شێوەی مەرکەزی مامەڵە لەگەڵ پرسی وزە دەکات، بۆیە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ هەرێم مافی بە خۆیداوە بیرە نەوتی نوێ لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لێبدات."

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ”زانیاری لەبارەی دۆسیەی نەوت لای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندیکرد بە ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڵام ئامادە نەبوو لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدات.

بە پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم ی ئیماراتی ڕێککەوتووە بۆ لێدان و دەرهێنانی نەوت لە ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە.

بەهجەت ئەحمەد، دەڵێت،"عێراق هەموو ڕێکارە یاساییەکانی تەواو کردووە و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەنجامداوە بۆ دەرهێنانی نەوت لە سنوری قەرەتەپە. دەبێت لەمەودوا کێڵگەکانیان ڕادەست بکات."

گومان دەکرێت چەند ناوچەیەکی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپە ناوچەی نەوتی گرنگ بن، بە تایبەت سنوری گوندەکانی شۆکە، ئەبوعلج، خزێفەو گڵابات. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە، پێش ئەوەی دەست بکەن بە کارکردن و لێدانی بیرە نەوت.

وەسفی عەلوان، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " قەرەتەپە لە مێژە ژمارەیەکی زۆر بیرە نەوتی تێدایە. ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت وەبەرهێنان لەو بیرە نەوتییانەدا بکات."

بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە کە تورکمانێکی شیعە مەزهەبە، دەڵێت، "هاتنی کۆمپانیاکان بۆ دەرهێنانی نەوت سودی بۆ ناوچەکەمان زۆرە؛ پاڵاوگە دادەنێن، هەلی کاردەڕەخسێنن و ناوچەکە لە پارەی پترۆ دۆلار سودمەند دەبێت."

باسم محەمەد، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت و گاز، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە، وەزارەتی نەوت کار بۆ بەهێزکردنی یەدەگی سامانی نەوت و گاز دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش هەستاوە بە ئامادەکردنی پلانی ڕووپێوی و لێدانی بیری نوێ.

هەرچەندە بریکاری وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە بەم نزیکانە دەست دەکەن بە لێدانی بیرێکی نەوت لە سنوری قەزای کفری لە پارێزگای دیالە، بەڵام بەرپرسانی سنوری گەرمیان ڕەتیدەکەنەوە هیچ هەنگاوێک بۆ لێدانی بیری نوێ لە سنوری ئەو قەزایەی گەرمیان نرابێت.

بەرپرسانی ناوچەی گەرمیان پێیانوایە ئەو ناوچەیەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە سنوری قەزای کفری ناویبردووە، پێدەچێت ناحیەی قەرەتەپە بێت، بەو پێیەی ئەو ناحیەیە لە ڕووی جوگرافیاوە نزیکە لە کفرییەوە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە عزەت سابیر بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

ناحیەی قەرەتەپەی سەر بە قەزای خانەقین، کە وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانە بۆ وەبەرهێنانی نەوت تێیدا، یەکێکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، تا 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی کورددا بوو.

بڕیارە کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆمی ئیماراتی لە ماوەیەکی نزیککدا لە ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەی قەرەتەپە دەستبەکاربێت، لە قۆناغی یەکەمیشدا بەدوای نەوت و گازدا دەگەڕێت و دواتر دەست بە لێدانی بیرە نەوتی نوێ دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:31 0:00

XS
SM
MD
LG