Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: شیری دایک "وەک هەناسە" بۆ منداڵ گرنگە و دایک لە شێرپەنجەی مەمک دەپارێزێت


لە هەفتەی جیهانی شیرپێداندا، داکۆکیکاران لە مافەکانی منداڵان داوای پەرەپێدانی شیری دایک دەکەن وەک باشترین ڕێگا بۆ ئەوەی سەرەتایەکی تەندروست بە منداڵان ببەخشێت و ژیانیان ڕزگار بکات.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف ڕایانگەیاند کە شیرپێدان دەتوانێت ژیانی زیاتر لە 820 هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە ساڵێکدا ڕزگار بکات.

دەزگا تەندروستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن بەرەوپێشچوون هەیە لە گەیاندنی پەیامەکەیان سەبارەت بە سوودەکانی شیرپێدان، ئاماژەش بەوە دەکەن کە "ڕێژەی شیرپێدانی دایک بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە 10% وە بۆ 48% لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا لە جیهان زیادیکردووە"

بەڵام دان بەوەدا دەنێن کە ئەم ڕێژەیە لە ئامانجەکەیان کەمترە کە لە 70% ی شیرپێدانە تا ساڵی 2030 و داوای پشتگیری زیاتری خێزان و کۆمەڵگا و شوێنی کار بۆ دایکانی شیردەر دەکەن.

نینا چاد، ڕاوێژکاری خۆراکی ساوایان و منداڵان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، "شیرپێدانی دایک هێندەی هەناسەدانی هەوای پاک و خواردنی خۆراکی بەسوود گرنگە بۆ منداڵان"

پاراستن لە نەخۆشییە درمەکان

نینا چاد لە لێدوانێکیدا لە سیدنی پایتەختی ئوسترالیا لە ڕێگەی سکایپەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە شێوازی دەستپێکردنی خۆراکی منداڵ لە ژیانیاندا گرنگە بۆ ئەوەی بە درێژایی ژیانی تەندروست بێت.

گرنگی شیرپێدانی دایک بۆ منداڵ ئەوەیە کە لەم تەمەنەدا لە نەخۆشییە درمەکان دەیانپارێزێت، وەک سکچوون و هەوکردنی سییەکان کە دەشێت مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بکەن. هەروەها دایکان بە درێژایی تەمەنیان لە نەخۆشییە نەگوازراوەکان دەپارێزێت. دەشڵێت، “ئەو ژنانەی شیری خۆیان بە منداڵەکانیان دەدەن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان کەمترە."

بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوود، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری ئەوە دەکات کە دایکان بۆ ماوەی شەش مانگی یەکەم تەنها شیر بە منداڵەکانیان بدەن و بەردەوام بن لە شیرپێدان تا منداڵەکە تەمەنی دەبێتە 2 ساڵ یان زیاتر.

لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ئەو منداڵانەی شیری دایکیان پێدەدەرێت کەمتر کێشیان زیاد دەکات یان قەڵەو دەبن، وە لە پشکنینەکاندا دەردەکەوێت ئاستی زیرەکیان باشترە و لە کاتی گەورەبووندا داهاتی زیاتریان دەست دەکەوێت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند ملیۆنان منداڵ کە لە شیری دایکیان سوودمەند نابن، مەترسی تووشبوونیان بە کۆکە و لاوازی زیاترە. هۆشداریشیدا کە بەدخۆراکی هۆکارە بۆ مردنی 2.7 ملیۆن یان 45%ی منداڵ لە ساڵێکدا.

بارودۆخی نائاسایی

فاتمەتە فاتیمە سێسای، پسپۆڕ لە بواری خۆراکی منداڵان لە یونیسێف دەڵێت: "لە حاڵەتە نائاسایی و سەختەکاندا، شیرپێدان دەتوانێت جیاوازی لە نێوان ژیان و مردنی منداڵدا دروست بکات".

ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی: "دایکان ڕووبەڕووی بەربەستی زیاتر دەبنەوە بۆ پێدانی خۆراک بە منداڵەکانیان لە بارودۆخی شەڕی چەکداریدا، بۆنمونە لە سودان؛ هەروەها وشکەساڵی بەهۆی کەشوهەوا وەک وڵاتانی قۆچی ئەفریکا، کە ملیۆنان خێزانی ناچار کردووە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

هەروەها سێسای دەڵێت، "تەنانەت لە بەرامبەر بارودۆخی سەختی وەک ئەوانەشدا، ئەو منداڵانەی شیری دایکیان پێدەدرێت، ئاسایشی خۆراکیان زۆر زیاترە بەراورد بەو منداڵانەی شیری قوتویان پێدەدرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو منداڵانەی لە دۆخی نائاساییدا شیری قوتویان پێدەدرێت "نەک تەنها سوودەکانی شیرپێدان لەدەست دەدەن، بەڵکو مەترسی هەیە بەهۆی کەمی ئاوی پاکی پێویست و کەلوپەلی پاک بۆ ئامادەکردنی شیرەکە تووشی پیسبوون ببن.

XS
SM
MD
LG