Accessibility links

یەکێتی: لاریمان نییە لەسەر کاتی هەڵبژاردنی هەرێم بەڵام هێشتا لەسەر یاسای هەڵبژاردن ناکۆکین


سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند حزبەکەی پابەندی ئەو وادەیە دەبێت کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرا، بەڵام هێشتا ناکۆکە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە فەرمی ڕایگەیاند هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 25 ی مانگی دووی 2024 ئەنجام دەدرێت.

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئەندامی شاندی ئەو حزبە بۆ گفتووگۆ لەگەڵ لایەنەکان لە بارەی یاسای هەڵبژاردنەکانەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکێتی هیچ کات کێشەی لەگەڵ کات و ڕۆژی هەڵبژاردن نەبووە. دەبێت هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجام بدرێت. بەڵام من لە سەر یاسای هەڵبژاردن لە دادگای فیدراڵی سکاڵام تۆمارکردووە، چونکە بەم یاسا کۆنە ناتوانرێت هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بکرێت."

ئەمڕۆ پێنجشەمە، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن ڕایگەیاند "وادەی هەڵبژاردن بە ڕەزامەندی لایەنەکان دیاریکراوە."
هاوکات زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان وتی، "یەکێتی لەسەر وادەی هەڵبژاردن کێشەی نەبووە، لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاکوبێگەرد کێشەی هەبووە."

لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم تۆمارکرد. بەڵام هێشتا دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکەوە کۆنەبووەتەوە.

یەکێتی داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی هەرێم و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەیاسایەکی نوێ دەکات، بە شێوەیەک ژمارەی بازنەکانی هەرێم لە یەک بازنەوە بکرێتە چوار بازنە و کورسی کۆتاکانیش بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێن.

زیاد جه‌بار ‌
زیاد جه‌بار ‌


زیاد جەبار وتی، "سەرباری دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، بەڵام چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵین بۆ یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەمان، بزانین دادگا چی بڕیارێک دەکات. بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."

بەپێی زانیارییەکان، ئەمەریکا و عێراقیش فشارەکانیان لەسەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان چڕکردووەتەوە. لەو بارەیەوە زیاد جەبار وتی، "لە ڕابردووشدا ئەو فشارانە هەبووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. دەبێت هەڵبژاردنێکی پاکوبێگەرد ئەنجام بدرێت و هەموو لایەنەکان پێی ڕازی بن."

پێشتر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 18ی یازدەی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکردبوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە بەهۆی ناکارابوونی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمەوە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پێ سپێردراوە، ڕەتیکردەوە بتوانێت لەو وادەیەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، بەو پێیەی سەرقاڵە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:54 0:00
XS
SM
MD
LG