Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات قائمقامێک بۆ شنگال دابمەزرێنن


لە نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان بە دەستی چەکدارانی داعش، ئەمەریکا داوای لە کاربەدەستانی عێراق کردووە کۆتایی بە بنبەستی سیاسی بهێنن و لەگەڵ ئێزدییەکان کاربکەن بۆ دامەزراندنی قائمقامێک بۆ شارۆچکەی شنگال.

دەیڤد بێرگەر، بریکاری باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە مەراسیمێکدا بە بۆنەی ساڵیادی جینۆسیایدی ئێزدییەکان وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا گوتویەتی، "ئەمەریکا وابەستەیە بەرامبەر ئێزدییەکان و کۆمەڵگەی سیڤیل. دەبێت کاربەدەستان دەستبەجێ کۆتایی بە بنبەستی سیاسی بهێنن و لەگەڵ ئێزدییەکان و ڕێبەرانی ئێزدی کاربکەن بۆ دامەزراندنی قائمقامێک بۆ شنگال."

لەوەتای شنگال و ناوچەکانی دیکەی ئێزدی نیشین لە پارێزگای موسڵ لە داعش ڕزگارکراون، هەتا ئێستا دۆخی ئەو شارۆچکەیە زۆرینە ئێزدی نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و بەشێکی زۆری خەڵکەکەی لە کەمپەکان و شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق دەژین.

نۆ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، 3 ی مانگی هەشت، چەکدارانی داعش لە ناکاو هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و هێزەکانی پێشمەرگە کشانەوە و چەکدارەکانی داعشیش توانیان لە ماوەیەکی کورتدا شارۆچکە داگیربکەن و بە دوایدا بێ ڕەحمانە کەوتنە کوشتنی خەڵکی سیڤیلی بێ تاوان و پاشان بردنی کچ و ژن و منداڵیان.

لەم یادە تاڵەی ئێزدییەکان، نادیە موراد، چالاکوان و قوربانی دەستی داعش و براوەی خەڵاتی نوبڵ بۆ ئاشتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تویتەرەکەی نووسیویەتی" ئەمڕۆ فرمێسک بۆ هەموو ئەو کەسانە دەڕێژین کە لەدەستمان دان و بۆ ئەو ڕۆژەی کە بینیمان. بەردەوام دەبم لە تێکۆشانم لە پێناو ڕزگاربووان و داکۆکی لە دادپەروەری دەکەم و کاردەکەم بۆ ساڕێژکردنی زامی زێدەکەمان."

ڕاپۆرتی ڕێکخراوە خۆجێی و نێودەوڵەتییەکان مەزەندەدەکەن زیاتر لە 5 هەزار ئێزدی بە دەستی داعش کوژرابن و زیاتر لە 7 هەزار ژن و کچی ئێزدی وەک کۆیلەی سێکسی برابن، ئەمە جگە لەوەی ناوچەیەکی زۆریان وێران کران و چەندان شوێنی پیرۆزیان تاڵانکران و تەقینرانەوە.

XS
SM
MD
LG