Accessibility links

گوتەبێژی پارتی چەپی سەوز: دۆسێی کۆبانێ دۆسێیەکی نایاساییە و بە مەبەستی سیاسییە


رۆژی سێشەممە لە ئانکەرە 53 هەمین دانیشتنی دۆسێی کۆبانێ بەڕێوەچوو و لەو دانیشتنەدا ئیبراهیم ئاکین هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز و شاندەکەی و بەرپرسانی هەدەپە و پارێزەرانی بەرگری بەشدارییان کرد.

ئاکین لە دەمی ناوبڕی دانیشتنەکەدا لێدوانێکی دا و گوتی "ئەمڕۆ بەشداریمان لە دۆسێی کۆبانێدا کرد، جارێکی تر بینیمان ئەم دۆسیێیە وەک دۆسێیەکی پەردەپۆشکردن لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەڕێوەدەچێت. لێرەدا یاسا نییە بەڵکو سیاسەتە."

دۆسێی کۆبانێ بۆ یەکەمجار لە 26ی چواری 2021 لە زیندانی سینجانی ئەنقەرە، لە دادگای 22ی تاوانە قورسەکانی دەستیپێکرد. لەم دۆسێیەدا 18 کەسی زیندانیکراو و بە گشتی 108 کەس دادگایی دەکرێن.

لە دانیشتنی 53دا، ئەوانەی بەرگریان لە خۆیان کرد، بەشێکیان لە پێشکەشکردنەکەدا ئامادەبوون و ئەوانەی لە دەرەوەی ئانکەرەن، بەڕێگای سیستەمی ڤیدیۆ و دەنگی (SEGBİS) بەشداری دانیشتنەکەیان کرد.

لە ساڵی 2014 کاتێک ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشی کردە سەر شاری کۆبانێ، سەرکردەکانی هەدەپە لە تویتەر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ کوردەکانی سوریا نیشان دا. داواکارانی گشتی بە پشتیوانی تیرۆر دەیبینن.

هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز ئەم دۆسیەیەی بە دۆسیەیەکی تەواو سیاسی وەسف کرد و بە شتێکی دوور لە یاسا ناودێری کرد.

"ئەم دۆسێیە دۆسێیەکی سیاسییە. لە دانیشتنەکەدا دەستەی دادگا نایەوێت هاوڕێکانمان بپارێزێت و دەیەوێت دەستبەجێ ئەنجامێک دەربچێت. بەڵام هاوڕێکانمان بەرگری لە خۆیان دەکەن لە بەرامبەر ئەم نادادپەروەرییە و ئەم سیستەمە نادادپەروەرییە دەخەنە ڕوو."

ئاکین ڕایگەیاند کە وەک پارتی چەپی سەوز لەگەڵ پەرلەمانتارەکانیان و هەموو جەماوەرەکە دژایەتی ئەم دۆسیەیە دەکەن و تا کۆتایی پشتگیری هاوڕێکانیان دەکەن.

هاوکات وتەبێژی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ و یاسای هەدەپە، سێرهات ئێرن، هەروەها سەبارەت بەم دۆسیەیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، حکومەت دەیەوێت هەدەپە بە شێوەیەکی سیاسی و نایاسایی بە بیانوی دۆسێی کۆبانێ، دابخات.

ئەو گوتی "دۆسیەی کۆبانێ دۆسیەیەکی یاسایی نییە، بەتەواوی سیاسییە. لە بنچینەی دۆسیەی داخستنی حزبەکەماندا، ئەم دۆسیەیە جێگەیەکی گەورەی هەیە، بەڵام دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش ئەم دۆسیەیەی بە هەڵە و نایاسایی نیشان دا. بەداخەوە حکومەتی تورکیا بڕیارەکەی دادگای ئەوروپا جێبەجێ ناکات. هەموو شتێک لە دەستی دەسەڵاتدایە و هیچ بڕیارێک نازانن."

لە 52هەمین دانیشتنی دۆسیەی کۆبانیدا لە مانگی ڕابردوودا، میتات سانجار هاوسەرۆکی هەدەپە بەشداری کرد و ئەم دۆسیەیەی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سیاسەتی کوردی نیشان دا و وتی "ئەوان دەیانەوێت بە فێڵ هەدەپە دابخەن".

بەکر شاهین، سەرۆکی داواکاری گشتی دادگای باڵا، لە 7ی شەشی 2021دا داوای دەستگیرکردنی هەدەپەی لە دادگای دەستوری کرد. ئەم کەیسە لە 21ی شەش لە دەستەی گشتی دادگای دەستوری بە کۆی دەنگ وەرگیرا.

XS
SM
MD
LG