Accessibility links

ئێران دەڵێت هەوڵی بەدەستهێنانی مافی خاوەندارێتی کێڵگەی گازی دوڕڕە دەدات ئەگەر لایەنەکان هاوکاری نەکەن



ئاژانسی دەنگوباسی شانای سەر بە وەزارەتی نەوتی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە زاری وەزیری نەوت جەواد ئوجییەوە ڕایگەیاند، ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی مافی خاوەندارێتی کێڵگەی غازی دوڕڕە (ئارەش) دەدات.

ئوجی ڕایگەیاندووە "ئەگەر ئامادەیی هاوکاریکردن نەبێت، ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندییەکانی دەدات، لەوانەش کەڵک وەرگرتن و گەڕان بەدوای کێڵگەی گازی ئاراشدا و پشوودرێژ نابێت لەگەڵ سەرپێچیکردن لە هەر مافێکی."

ڕۆژی پێجشەممە سەعد ئەلبەراک وەزیری نەوتی کوەیت بە سکای نیوز عەرەبییەی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی دەست لە دوڕڕە دەست بە دەرهێنانی غاز دەکات بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی دەستنیشانکردنی سنوورەکەی لەگەڵ ئێراندا بکات.

پێشتریش لە سەرەتای ئەم مانگە وەزیری نەوتی کوەیت ڕایگەیاند، کوەیت و سعودیە "مافی تایبەت"یان هەیە لە کێڵگەی غازی دوڕڕە لە کەنداوی عەرەبی، هەروەها داوای لە ئێران کرد بە دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی خۆی سەرەتا خاوەندارێتی خۆی بۆ ئەو کێڵگەیە پشتڕاست بکاتەوە.

ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە پشکی لەم بوارەدا هەیە و ڕێککەوتنێکی سعودیە و کوەیت کە ساڵی ڕابردوو واژۆ کرابوو بۆ پەرەپێدانی بە "نایاسایی" ناوبرد.

دوڕڕە کە لە ئێران بە ئاراش ناسراوە، کێڵگەیەکی گازی سروشتی دەریاییە و دەکەوێتە ئاوە هاوبەشەکانی نێوان کوەیت و ئێران و سعودیە .

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG