Accessibility links

ژاپۆن سزاکانی بۆ سەر ڕووسیا زیاتر دەکات


ژاپۆن کۆمەڵیک سزای دیکەی بە سەر ڕووسیادا سەپاند بەهۆی هێرشی ئەو وڵاتەوە بۆ سەر ئۆکرانیا. ئەو وڵاتە ڕۆژی هەینی لیستێکی فراوانی سزای ڕاگەیاند کە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی ئۆتۆمبێلی هایبڕێد و کارەبایی لەخۆدەگرێت.

ڕووسیا دوای لەشکرکێشی بۆ سەر ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوو، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک لە سزاکان بوویەوە، بەڵام کیێڤ و هاوپەیمانەکانی داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر لە دژی مۆسکۆ دەکەن.

تۆکیۆ پێشتر سەروەت و سامانی هەندێک کەس و گروپە ڕووسییەکانی لە وڵاتەکەی سڕکرد، هەروەها هەناردەکردنی کاڵای بۆ ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بە سوپای ڕووسیا قەدەغە کرد و هەناردەکردنی پێداویستییەکانی بیناسازی و ئەندازیاری ڕاگرت.

سزا نوێیەکانی ژاپۆن کە ڕۆژی هەینی لەلایەن کابینەی حکومەتی فومیۆ کیشیدا، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەوە پەسەندکران، لە 9ی مانگی هەشتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

نۆرییۆکی کورۆدا، بەرپرسیێکی وەزارەتی بازرگانی ژاپۆن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە "بەو پێیەی زیاتر لە ساڵێکە بەسەر لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا تێدەپەڕێت، ئێمەش لیسی کاڵا و کەلوپەلە قەدغەکراوەکان لە ڕووسیا درێژترکردووەتەوە."

کورۆدا ڕایگەیاندووە دوایین سزاکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ڕووسیا دوای سەپاندنی سزا هاوشێوەکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە دێت بۆ سەر مۆسکۆ.

ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو شتانەی دیکە کە لە لیستی قەدەغەکردنی هەناردەکردندا زیادکراون بریتین لە پۆڵا، بەرهەمە پلاستیکیەکان و پارچە ئەلیکترۆنییەکان کە دەتوانرێت لە بواری سەربازیدا بەکاربهێنرێن.

لە لوتکەی گروپی حەوت لە ژاپۆن لە مانگی پێنج، سەرکردەکانی وڵاتانی ئەو گروپە ڕێککەوتن لەسەر بێبەشکردنی ڕووسیا لە دەستڕاگەیشتنی بە تەکنەلۆژیا و ئامێرە پیشەسازییەکان و ئەو خزمەتگوزارییانەی پشتگیری لە جەنگەکە دەکەن.

ئەمەریکا و بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سزای قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە و هەروەها بەڵێنی هاوکاری سەربازیی زیاتریشیان بە کیێڤ داوە.


سەرچاوە/ئاژانسی فرانس پرێس
XS
SM
MD
LG