Accessibility links

ژینگەپارێزان دەڵێن فاکتەری مرۆیی هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی کوردستانە


بڵاوبوونەوەی وێنەی منداڵان، ژنان و پیاوانی مەریوان کە بە کەمترین ئامراز و هەندێکجار تەنها بە لق و پۆی دارێک هەوڵی کوژاندنەوەی بڵێسەی ئاگری دارستانەکانی ئەو ناوچەیە دەدەن، لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتووەتەوە.

دوای چەند ڕۆژێک لە سووتانی دارستانەکانی مەریوان، بەڕیوەبەری گشتی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاندووە ئاگرەکە بە یارمەتی چالاکوانان و ژێنگەدۆستانی ناوچەکە و به هاوکاری هەلی کۆپتەرێکی ئاگرکوژێنەوه کۆنتڕۆڵ کراوە.

بەڵام ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەر ئەنجومەنی چیای سەوز، کە ڕێکخراوێکی مەدەنی و ژینگەپارێزی ناحکومەییە لە شاری مەریوان، سەبارەت بە دوایین دۆخی ئاگرکەوتنەوەکانی شاری مەریوان دەڵێت هێشتا ئاگرەکە بە تەواوی کونتڕۆڵ نەکراوە.

سیروان مەریوانی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکاندا، بەشی سەرەکی کارەکە ئەوەیە کە دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ڕێگری بکرێت لە دووبارە هەڵگیرسانەوەی، چونکە بە هۆی شاخاویی بوونی دارستانەکانی مەریوان، دارە سووتاوەکان گلۆر دەبنەوە و ئاگری دیکە دروست دەکەن و بەم شێوەیەش ئاگرەکە هەر بەردەوامە."

ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە دەشڵێت "لە ئێستادا حەوت دەستەی دە کەسی لە خەڵکی ناوچەکە و ژینگەپارێزان بە شێوەی خۆبەخشانە، شەو و ڕۆژ کار بۆ کۆنترۆلکردنی ئاگرەکە و چاودێریکردنی ناوچەکە دەکەن."

بێهزاد شەریفی پوور، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ڕاگەیاندووە، هۆکاری مرۆیی بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە و ئاماژەی بەوەشکردووە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی بەشی سەرچاوە سرووشتییەکانی شارەکانی سنە، کامێران و سەوڵاوا و هێزە جەماوەرییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان، بەسیج و سوپای پاسداران هەموویان ڕۆڵیان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا هەبووە.

بەڵام سیروان مەریوانی لە ئەنجومەنی چیای سەوز دەڵێت "تەنها چەند کەسێک کە ژمارەکەیان لە نێوان بیست بۆ سی کەسێک دەبوو، بە بێ هەبوونی کەرستەی پێویستی ئاگرکوژێنەوە لە لایەن بەشی سامانە سروشتییەکانەوە ناردنرابوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ئەو ژمارەیەش زۆر کەمتر لەوەیە بتوانێت 95 هەزار هێکتاری دارستانی مەریوان کونتڕل بکات."

سووتانی دارستانەکانی ناوچەی مەریوان
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:39 0:00

سەبارەت بە ڕۆڵی هێزەکانی بەسیج و سوپای پاسداران لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا، ئەو چالاکە ژینگەپارێزە دەڵێت "ئێمە لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان، نە هێزی بەسیجمان بینیووە و نە ئەندامانی سوپای پاسداران."

دەشڵێت "تەنها کۆپتەرێکی سەربازی سوپای پاسدارن، نەوەک کۆپتەری ئاگرکوژێنەوە، لە ڕۆژانی کۆتاییدا لە ڕێگای هێنانی ئاوی دەریاچەی زرێبار، بەشداری لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کردووە."

مەریوانی هەر لە درێژەی ئەو باسەدا دەڵێت "ئەو کۆپتەرەش کە هاتبوو بۆ یارمەتی، بە گوتەی خوودی بەشی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای سنە، ڕۆژانە 160 ملیۆن تمەنی ئێرانی لەو بەشە وەرگرتووە و بە خۆڕایی یارمەتی کۆژاندنەوەی ئاگرەکەی نەداوە."

بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای کوردستان هەروەها ڕایگەیاندبوو کە ئەو ڕووبەرەی ئاگرەکە سووتاندوویەتی، 165 هێکتار بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە سیروان مەریوانی کە خۆی چالاکانە بەشداری لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کردووە، بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "بەپێچەوانەی ئامارە بڵاوکراوەکانی حکومەت، بەلایەنی کەم 450 هێکتار لە دارستانەکان لەناوچوون."

هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستانی ئێران

بە شێوەیەکی گشتی ژینگەپارێزان هۆکاری ئاگرکەوتەوەکان بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێننەوە کە بە کەسانی "هەلپەرست" ناودێریان دەکەن. لە هەندێک باریشدا دامەودەزگاکانی حکومەت تۆمەتباردەکەن بەوەی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دارستانەکان و شێواندنی سرووشتی ناوچەکە دەدات، وەک دەڵێن مەبەستی سەرەکی ئەم کارەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ هێزە سیاسییە کوردەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

سیروان مەریوانی لەبارەی هۆکارەکانەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هۆکاری هەموو ئاگرکەوتنەوەکان تاکو ئێستا مرۆیی و بە ئەنقەستیش بوون."

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمە چەندەمین جارە کە دارستانەکانی کوردستانی ئێران ئاگریان تێبەردەبێت.

لەدوایین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیشدا، لە هەفتەی ڕابردوودا بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای کوردستان بۆ یەکەمجار لەم ساڵانەدا ڕایگەیاند کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان، مرۆیی بووە.

چەند کەناڵێکی هەواڵی چالاک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، سوپای پاسدارانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە "بە ئەنقەست ئاگر" لە دارستانەکانی کوردستان بەردەدات.

مەریوانی لە درێژەی قسەکانیدا بە دەنگی ئەمەریکا گوت "هۆکارە مرۆییەکان خۆی چەند بەشێکە، هەندێکجار بە هۆی مانۆڕە سەربازییەکانەوە ئاگر دەکەوێتەوە، یان هێزەکانی ئاسایش بە بیانووی چاودێری ئەمنی و ئاسایشیەوە لە کاتی ململانێ سەربازییەکان لەم ناوچانەدا، دارستانەکان دەسوتێنن. هەندێ جاریش خەڵکی نەزان و هەڵپەرەست کە پەیوەندی تایبەتیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتدا هەیە، بۆ بەکارهێنانی ئەو زەوییانە، ئاگر لە دارستانەکان بەردەدەن."

پاراستنی دارستانەکان و هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردنی لە ئاگرکەوتنەوە

کێشەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان نەک هەر بۆ دارستانەکانی مەریوان بەڵکو بۆ تەواوی دارستانەکانی ناوچە کوردییەکان بووەتە ترس و مەترسییەکی ڕۆژانە و هەر بۆیە پاراستن و چارەسەری بۆ ئاگرکەوتنەوەکان هەمیشە یەکێک بووە لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی چالاکوانان و ژینگەپارێزانی کورد لە ئێران.

ڕێکخراوی ئەنجومەنی سەوزی چیا وەک یەکێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان، بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی کوردستان چەند ڕێوشوێنکی لەو بارەیەوە گرتوەتە بەر، وەک پەروەردەکردنی خەڵک و هۆشیارکردنەوەیان سەبارەت بە گرنگبوونی ژینگە و پاراستنی سرووشتنی ناوچەکە.

سیروان مەریوانی وەک یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت "جیا لە بواری پەروەردەیی، چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی سەرچاوە سروشتییەکان و پارێزگارانی شارەکان دانیشتووین ودوایین جاریش مانگێک پێش ئێستا بووە و لەو دانیشتنانەدا جەختمان لەوە کردووەتەوە ئەو شوێنانەی کە دەسوتێنرێن، نابێت دواجار بدرێنە هیچ لایەنێکی تایبەتی یان حکومی بۆ بیناسازی یان هەر شتێکی دیکە."

دەشڵێت " پێشتر ئەگەر کەسێک یان لایەنێک داوای زەوی لە بەشی سەرچاوە سروشتییەکان بکردایە، ئەوا ئەو بەشە دارستانە سووتاوەکانی ڕادەستی ئەو کەسانە دەکرد و ئەمەش هاندەرە بۆ ئەوەی خەڵکێک و هەندێ لایەن بە ئەنقەست ئاگر بەربدەنە دارستانەکان."

مەریوانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی "پێشنیازەکەی ئێمە بۆ ڕادەستنەکردنی زەوییە سووتاوەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکە پێشوازی لێکرا و ڕەوانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کرا و لەوێش پەسەند کراوە، بەڵام هێشتا نەڕۆیشتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەزی چیا دەڵێت لە هەنگاوێکی دیکەشدا داوایان کردووە کە "دادگایەکی تایبەت بە ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان لە شاری مەریوان دابمەزرێت و داواکەمان پەسەند کراوە و چاوەڕێ دەکەین ئەویش بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

بەڵام هەندێ لە پسپۆڕانی بواری ژێنگەپارێزی دەڵێن ئێران بە گشتی لەبەردەم دۆخێکی ناکارامەدایە و بۆ حکومەتی ئێران پرسی ژینگە و دارستانەکان لە ئەولەویەتدا نییە، ئەگەرنا دابینکردنی ئیمکاناتی چاودێریکردن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکان کارێکی هێندە قورس نییە.

XS
SM
MD
LG