Accessibility links

پەنابەرانی کوردی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، نیگەرانن


سارینا، کچێکی تەمەن 17 ساڵە و دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران، بەرەو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەڵاتووە و ئێستا لەوێ دەژی.

سارینا هێشتا دەترسێت لەوەی خۆی دەرخات و کاتێک بە شەقامەکانی شاری هەولێردا دەڕوات، دەموچاوی خۆی دەشارێتەوە بە دەمامکی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا.

دوای 10 مانگ لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران دژ بە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاردا، ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس بەدواداچوونی بۆ کێشەکانی کوردانی ئێران کردووە کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ئاژانسە، سارینا، کە بە هۆی نیگەرانییە ئاسایشییەکانەوە ناوی تەواوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، تەنها یەکێکە لەو هەزاران کەسەی کە بەشداری لە دوایین ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا کردووە.

سارینا خەڵکی شاری شنۆیە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا لە مەهاباد بووە و بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ئەو شارەدا کردووە.

دوای دەستگیرکردنی یەکێک لە هاوڕێکانی، سارینا خۆی شاردوەتەوە، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو کاتەی کە ئەو لە ماڵدا نەبووە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و مامی سارینایان دەستبەسەر کردووە.

سارینا دواجار لە ناوەڕاستی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو ناچار دەبێت سنورە شاخاوییەکانی نیوان ئێران و عێراق ببەزێنێت و بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵبێت و بڕواتە هەوڵێر.

ئەو کچە گەنجەی کورد، لە ئیستادا ناچارە بەیانیان لە کۆمپانیایەکدا و ئێوارانیش لە چێشتخانەیەکی شاری هەولێر بۆ دەستبەرکردنی پێداویستییەکانی ژیان کار بکات.

کوردێکی دیکەی تەمەن 27 بە ناوی خوازراوی فوئاد کە لە زانکۆ تەلارسازی تەواو کردووە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە زستانی ساڵی رابردوودا بە ڕێڕەوێکی بەفراوی بە شێوەی قاچاخ، سنوری بەزاندووە و لە شاری هەولێر نیشتەجێ بووە.

فوئاد، بەڕەچەڵەک خەڵکی پیرانشارە، ئێستا لە فرۆشگایەکی فرۆشتنی لاپتۆپ لە هەولێر کار دەکات و شەوانیش لە هەمان فرۆشگا دەخەوێت.

فوئاد دەڵێت "ژیانێکی بێ ئامانج دەژیم، هەموو ئەو شتانەی لە ئێران هەمبوو، بەجێمهێشت، دایکم، باوکم، ماڵەکەم، کارەکەم.

فوئادیش بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی کردووە و دوای دەستگیرکردنی براکەی بۆ ماوەی 40 ڕۆژ خۆی شاردوەتەوە. باسی لەوەشکردوە هێزە ئاسایشییەکانی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی.

دوورکەوتنەوە لە خێزانەکەی قورساییەکی زۆری خستۆتە سەر دەروونی فوئاد و دەڵێت "هەر جارێک دایک و باوکم تەلەفۆنم بۆ دەکەن، چاوم پڕ دەبێت لە فرمێسک."

سەرەڕای ئەمەش دەڵێت، لە ترسی دەستگیرکردنی ناگەڕێتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی پێنجدا بڵاویکردۆتەوە زیاتر لە 10 هەزارخەڵکی ئێران لە کوردستانی عێراق دەژین و زۆرێکیشیان لەمێژە دانیشتووی ئەو هەرێمەن.

ڕزگار خەسرەوی، تەمەن 47 ساڵ، خەڵکی شاری مەریوانە و ماوەی 11 ساڵە لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو کچەکەی لە شاری هەولێر دەژین و دوکانی شیرینی هەیە.

ڕزگار، ناو و وێنەی ژینای خستوەتە سەر لقی دووەمی دوکانەکەی لە هەولێر و ژینا بە "سیمبۆلی ئازادی بۆ هەموو ئێران" ناو دەبات.

لە سەروبەندی نزیکبوونەوە بە ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا، دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەفتەی ڕابردووەوە دەستیانکردووەتەوە بە هێنانەوەی پۆلیسی ئاکار بۆ ناو شەقامەکانی ئەو وڵاتە بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەو ژنانەی کە "پێداگری" لەسەر پێشێلکردنی یاسای جل و بەرگی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن.

شۆڕشی ژینا، زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە و دروشمی سەرەکی ئەو شۆڕشە بریتی بوو لە "ژن، ژیان، ئازادی" زۆربەی هاووڵاتیانی ئێرانیش لە دەرەوە وەک نیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ ناوەوەی ئێراندا لە زۆربەی پایتەخت و شارە گەورەکانی وڵاتانی جیهاندا دەستیان کرد بە خۆپیشاندان. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران هێزی لە ڕادە بەدەری بەکارهێناوە، لەوانە سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر خۆپیشاندەراندا، بە ئامانجی سەرکوتکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی داوای ئازادییەکانیان دەکرد.

دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام خۆپیشاندانەکانیان بە کاری ئاژاوەگێڕیی و تێکدەرانە ناودێر کردووە و هەمیشەش جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئەو ڕەوشە دەستی وڵاتانی تری لە پشتە؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، لە کاتێکدا خۆپیشاندەران داوای مافەکانی خۆیان دەکرد.


سەرچاوە/فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG