Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییەکان بۆ پەنابەرانی سوریایی لە ئوردن کەم دەکاتەوە

بەرنامەی جیهانی خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند هاوکارییە دراوییەکان بۆ نزیکەی 120 هەزار پەنابەری سوریایی لە کەمپەکانی ئوردن کەمدەکاتەوە و دەڵێت، " ناتوانین خۆمان لەو هەنگاوە بپارێزین لە کاتێکدا بودجەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمبووەتەوە."

نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 650 هەزار پەنابەری سوریایی لە ئوردن تۆمار کردووە کە لە ساڵی 2011ەوە لە وڵاتی زێدی خۆیانەوە هەڵاتوون، بەڵام عەممان ژمارەیان بە یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس دەخەمڵێنێت.

ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە "کەمکردنەوەی زیاتری هاوکارییە خۆراکییەکان بۆ پەنابەران لە ئوردن بووەتە شتێکی حەتمی، چونکە پارەکان بە شێوەیەکی ناجێگیر کەمبوونەتەوە".

لە بەیاننامەکەدا درەنگانی سێشەممە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ناچار بووە بۆ کەمکردنەوەی یەک لەسەر سێی هاوکارییە دراوییەکانیش" کە مانگانە دەدرێت بە هەر 119 هەزار پەنابەرە سوریاییەکانی کەمپی زەعتەری و ئەزراق.

لە مانگی داهاتووەوە پەنابەرە سوریاییەکان لە هەردوو کەمپەکەدا "دەرماڵەکەیان بۆ 21 دۆلار لە مانگێکدا کەمدەکرێتەوە" کە تا ئێستا هەر کەسەو 32 دۆلاری لە مانگێکدا پێدراوە.

بەرنامەی جیهانی خۆراکدەڵێت "ئەو پەنابەرە سوریاییانەی لە هەردوو کەمپەکەدا دەژین سەرچاوەی داهاتیان سنووردارە و تەنها لەسەدا کەسە پێگەیشتووەکانی نێو کەمپەکان کار دەەن- بە شێوەیەکی سەرەکی لە کارە کاتییەکان یان وەرزیەکاندا - لەکاتێکدا لەسەدا 57ی دانیشتوانی کەمپەکە دەڵێن هاوکارییە دراوییەکان تاکە سەرچاوەی داهاتیانە".

دۆمینیک بارتش، نوێنەری دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR لە ئوردن، ڕۆژی چوارشەممە هۆشداریی دا لە "دەرئەنجامە ڕژدەکان بۆ پەنابەران و کۆمەڵگەکانی میواندار" ئەگەر دابینکردنی بودجە دەستەبەر نەکرێت.

UNHCR لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "بەهۆی کەلێنی داراییەوە، دەیان هەزار پەنابەری لاواز وردە وردە لە هاوکارییەکانی بەرنامەی جیهانیی خواردن دوور دەخرێنەوە بۆ ئەوەی هەژارترین خێزانەکان بکرێنە ئەرکی سەرەکی."

بارتش وتی "پشتیوانی بەردەوام بەدرێژایی چەنیندی ساڵ ڕێگەی بە پەنابەرانی سوریا داوە بچنە بازاڕی کار (لە ئوردن). ئێستا مەترسییەکی نزیک هەیە کە دۆخەکە بەرەو قەیرانی مرۆیی بڕوات".

نوێنەری بەرنامەی جیهانی خۆراک لە ئوردن، ئەلبێرتۆ مێندێس، هۆشداریدا لە "زیادبوونی ستراتیژییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کاری نەرێنی" لەوانە کاری منداڵان، هاوسەرگیری منداڵان و کەڵەکەبوونی قەرزەکان لە ئەنجامی کەمکردنەوەی یارمەتییەکان.

لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت "ئێمە زۆر نیگەرانین لە ئەگەری تێکچوونی ئاسایشی خۆراکی خێزانەکان، بەڵام لەگەڵ نەمانی بودجە، دەستمان بەستراوەتەوە".

ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی ڕایگەیاندووە کە " ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی زۆری بودجە بووەتەوە کە 41 ملیۆن دۆلارە تا کۆتایی ساڵی 2023" سەرەڕای کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕی سوریا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی تر، کە لانیکەم پێنج ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر لە لایەن وڵاتانی دراوسێی لوبنان، ئوردن، تورکیا، عێراق و میسرەوە میوانداری دەکرێن.

سەرچاوە: فرانس پرێس

This item is part of
XS
SM
MD
LG