Accessibility links

لە ڕۆژی جیهانی دادپەروەریدا داوای بە دادگایی گەیاندنی تاوانبارانی تاوانەکانی جینۆساید دەکرێت


پیاوێکی کورد
پیاوێکی کورد

ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیهانی دادپەروەرییە ، قوربانیانی تاوانەکانی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان و چاودێرانی یاسایی ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەڕای ئەوەی چەند تاوانێکی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بەرامبەر بە کورد ئەنجام دراوە بەڵام هێشتا قەرەبووی دارایی و دەرونیی قوربانیان نەکراوەتەوە.

17 ی مانگی حەوتی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی دادپەروەری ناسراوە لە جیهاندا، کە هاوکاتە لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی ڕۆما لە 17-7-1998 لەلایەن نوێنەرانی 123 وڵات لە شاری ڕۆمای ئیتالیا بۆ پێکهێنانی دادگایەک بەناوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە ناسراوە بە ( ئای، سی، سی) کە ئێستا بارەگاکەی لە لە شاری لاهایە لە وڵاتی هۆڵەندا و بەو بۆنەیەشەوە ساڵانە چەند چالاکیەک بۆ بە دادگایی گەیانی ئەو کەسانە بەڕێوەدەچێت کە بەشداری تاوانە کۆمەڵکوژی وجینۆسایدەکانیان کردووە.

کشانەوەی عێراق لە پەیمانامەی ڕۆما

لەکاتێکدا لەسەردەستی حکومەتی پێشووی عێراق تاوانەکانی کیمیبارانی هەڵەبجە و ئەنفال دژ بە کورد ئەنجام دراون، بەڵام تا ئێستا حکومەتی ئێستای عێراق کە وەک یاسا ناسان دەڵێن پابەندنی بە ڕێکەوتنامەی ڕۆماوە نەکردووە وئەوەش وایکردووە هێشتا ترسی دووبارە بوونەوەی جینۆساید لە عێراقدا و دژ بە کورد هەبێت.

د. ئاوارە حسێن پسۆڕی یاسا نێودەوڵەتیەکان لە زانکۆی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بیانووەکانی عێراق بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنامەی ڕۆما کە لە لە ساڵی 2005 پابەند بووە پێوەی و کشاوەتەوە لاوازن و چوونکە دادگاکە داگایی دەوڵەت ناکات بەڵکو دادگایی تاک دەکات و پێویستە لەبەرامبەر دەرخستنی نیازپاکی خۆی لەبەردەم مرڤایەتی بە گشتی، عێراق ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان و تا هیچ تاونێکی جینۆساید لەبەرامبەر پێکهاتەکانی لە خاکەکەیدا ڕوونەدات".

ئەو پسپۆڕەی یاسای نێودەوڵەتیەکان دەڵێت " ئەگەر عێراق ببێتە ئەندام لە ڕێکەوتنامەی ڕۆما ئەوا دەتوانێت سەروەری خاکەکەشی بپارێزرێت کە ڕۆژانە و مانگانە ڕووبەڕووی بۆردومان دەبێتەوە لەلایەن تورکیاو ئێرانەوە و ئەوە بۆردومانانەش دەبنە کەیس لە دادگاکەدا ".

لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵکوژیەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە ڕابردوودا دژ بە کورد ئەنجام دراون بەڵام تا ئێستا قەرەبووی مادی و مەعنەوی زیانلێکەوتوان لە هەرێمی کورستان نەکراوەتەوە.

ئەکرەم عەلی پارێزەرە ولە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند "ئەو وڵاتانەی کە لە ڕابردوودا و لەدنیادا ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان بێت یان دادگاکانی وڵاتەکانی خۆیان ڕووبەڕووی لێپرسینەوەکراونەتەوە و قەرەبووی زیانلێکەوتوانیان کردوەتەوە، بەڵام لە عێراقدا کە هەموو حکومەتێک لە ڕووی یاساییەوە میراتگری حکومەتی پێش خۆیەتی نەک هەرقەرەبووی زیانلێکەتوان نەکراوەتەوە بەڵکۆ وەک پۆزشیش بۆ قوربانیانی جینۆساید نەهێنراوەتەوە" .

دادگایی کردنی هێزە نیمچە لەشکرییەکان ناسراو بە موستەشارەکان

دادگای تاوانەکانی عێراق لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بڕیاری دەستگیرکردنی258 داواکاری ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کردووە بەمەبەستی دادگاییکردنیان، بەڵام پێشتر لەلایەن بەرەی کوردستانیەوە بە بڕیارێک لێبوردنیان بۆ دەرکراوە و بەشێکیشیان لە ئێستادا دەرەوەی وڵاتن.

ئاراس عابید خاوەنی زۆرترین قوربانی کیمیبارانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بەرەی کوردستانی لێبوردنی بۆ دەرکردن و هەندێکیان ئێستا هەمان پلە و پایەی جارانیان هەیەو هەندێکی دیکەشیان لەدەرەوەی وڵات داڵدەدراون، لەکاتێکدا دەبوو ئەوانە دادگایی بکرایان، بەڵام ئەوەش کرایە قوربانی پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان، کە ئێستاش پێویستە ئەوانە ببرێنە بەردەم دادگای تاوانەکانی عێراق ".

بەشێکی دیکە لە خاوەن قوربانیانی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان،دەلێن "جاش و موستەشارەکان ئێستا دیوەخانیان هەیە و خاوەن هێزی چەکدارن" .

لوقمان عەبدوالقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمبارانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەگەر ئەو کەسانەی کە تاوانبارن لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی یاسا بکرایانەوە، ئەوا دۆخی ئێستای هەرێم وەک ئێستا نەدەبوو، ئەوان ئێستا دیوەخانیان هەیە و خزمەت دەکرێن، ئەمە ڕێگا خۆشکردنە بۆ هەر کەسێکی دیکە کە دەسەڵاتی هەبێت تاوان ئەنجام بدات" .

پێشوازی لە هیچ داواکراوێک نەکرێت کە دادگاکە داوایکردووە

ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەدەن لەگەڵ ئەوەی تۆمەتبارانی تاوانەکانی جینۆساید لە هەرێمی کەوردستان و عێراق دادگایی نەکراون، داوای لێبوردنیشیان لە قوربانیان نەکردووە، پێویستە هیچ پێشوازیەکیان لێ نەکرێت لە سەردانە ڕەسمی و ناڕەسمیەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

هۆشمەند موراد لە کۆنگرەڕۆژنامەوانیدا کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی دادپەروەریەوە ڕێکخرابوو ڕایگەیاند " پێویستە عێراق بە پابەند بوونی بە ڕێکەوتنامەی ڕۆماوە دڵنیایمان پێبدات کە دژی تاوانی کۆمەڵکوژی و جینوسایدە، کاربکات بۆ بە دادگایی گەیاندنی هەموو ئەو کەسانەی کە دەستیان لە جینوسایدی کورد هەبووە و پێشوازی لە هیچ شاند و کەسایەتیەک نەکات کە دادگاکە داوای کردبێت و و تۆمەتباری تاوانەکانی جینۆساید بێت ".

XS
SM
MD
LG