Accessibility links

ئەردۆغان گەشتەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو لە عەرەبستانی سعودیەوە دەستپێدەکات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی دووشەممە لە میانی گەشتێکی سێ وڵاتی کەنداودا دەگاتە شانشینی عەرەبستانی سعودیە، لەکاتێکدا هەوڵ دەدات سەرنجی وڵاتانی جیهان بۆ وەگەڕخستن لە وڵاتەکەیدا ڕابکێشێت.

بڕیارە لە شاری جددەی سەر دەریای سوور چاوی بە شا سەلمان و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە بکەوێت، کە فەرمانڕەوای دیفاکتۆی ئەو وڵاتەیە، پێش ئەوەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بچێتە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و قەتەر.

ئەردۆغان پێش ئەوەی ئەستەنبوڵ بەجێبهێڵێت گوتی "لەماوەی سەردانەکانماندا کارنامەی سەرەکیمان چالاکییە هاوبەشەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی دەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە لەماوەی داهاتوودا."

گوتیشی بازرگانی دوولایەنە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە 1.6 ملیار دۆلارەوە بۆ نزیکەی 22 ملیار دۆلار لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا زیادیکردووە.

ئەردۆغان ڕایشیگەیاند "لەگەڵ ئەو کۆڕبەندە بازرگانیانەی کە ڕێکدەخرێن، بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین".

ئەم سەردانە دووهەم سەردانییەتی بۆ سعودیە لە دوای نزیکبوونەوەی ئەم دواییەی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهۆی کوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خوشقچی لە ساڵی 2018 لە ناو کونسوڵخانەی شانشینی ئەستەنبوڵ تێکچووە.

تورکیا سعودی توڕە کرد بە بەدواداچوونی زۆری لەسەر ئەو دۆسێیە لەو کاتەدا و میدیا نێودەوڵەتییەکانی لە وردەکارییەکانی ئەو کوشتنەکە ئاگادارکردەوە.

بەڵام لەگەڵ چاکبوونەوەی پەیوەندییەکان، ئەردۆغان لە مانگی چواری ساڵی 2022 سەردانی سعودیەی کرد، شازادە محەمەدیش لە مانگی شەش ساڵی ڕابردوودا چووە تورکیا.

گەشتە نوێیەکەی ئەردۆغان لە سعودیە لە کاتێکدایە کە تورکیا لە بەربەرەکانیدایە لەگەڵ دابەزینی بەهای دراو و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان کە ئابووری وڵاتەکەی کخستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.

بەرپرسێکی باڵای سعودیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە کاتی گەشتەکەی ئەردۆغاندا، هەردوو وڵات چەند ڕێککەوتنێک واژۆ دەکەن لە کاتێکدا ئانکەرە چاوی لە هاوبەشە غەیرە ڕۆژئاواییەکانە بۆ پاڵپشتی دارایی.

ئەردۆغان پاش گەشتەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو سەردانی باکوری قوبرسیش دەکات کە تورکیا لە ساڵی 1974 دەستیبەسەردا گرت و داگیری کرد. ئەم هەنگاوانەشی دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی دێت لە مانگی پێنجدا بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە.

سینەم جەنگیز، توێژەر لە زانکۆی قەتەر بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ کەنداو دوای هەڵبژاردنە گرینگەکان دێت کە لە خودی تورکیا بەڕێوەچوو، گوزارشت لە گرنگی دەوڵەتانی کەنداو دەکات لە کارنامەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا.

ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییەکانی کەنداو و تورکیا دەڵێت "گەشەسەندنی خواستی کەنداو بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە هەمەچەشنەکاندا، پەرەسەندنێکە بۆ تورکیا، کە هەوڵدەدات هەناردەکردن زیاد بکات بۆ ئەوەی یارمەتی کەمکردنەوەی کێشە ئابوورییەکانی بدات".

XS
SM
MD
LG