Accessibility links

نزیکەی 300 منداڵ لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا لە ڕێگای گەیشتن بە ئەوروپا خنکاون


بەگوێرەی ڕاپۆرتیکی یونیسێف لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم 289 منداڵ لە ڕێگەی پەڕینەوەیان بۆ ئەوروپا لە دەریادا گیانیان لەدەستداوە.

یونیسێف ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ئەم ڕێژەیە نزیکەی دوو هێندە زیاترە لەو ژمارەیەی کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022 تۆمارکرابوو، ئاماژەی بەوەشکردوە کە منداڵان بەهۆی ململانێ و گۆڕانی کەشوهەوا، گەشتێکی مەترسیداریان لە دەریای ناوەڕاست ئەنجامداوە.

ڤێرنا کناوس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی یونیسێف ڕایگەیاندووە پێدەچێت ئامارە ڕاستەقینەکان زیاتر بن لەو ژمارەیە، چونکە زۆرێک لە کەشتی نوقمبووەکان لە ناو دەریاکاندا، هیچ ڕزگاربوویەکیان نەبووە و زانیارییەکان لەسەریان تۆمار نەکراوە.

بە پێی خەملاندنەکان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، 11 هەزار و 600 منداڵ سنووریان بەزاندووە کە نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە هەمان ماوە لە ساڵی 2022دا.

کناوس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ڕایگەیاند، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ناوی 3300 منداڵ وەک منداڵی بێ سەرپەرشت تۆمارکراوە.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە زۆرێک لە حکومەتەکان دوای بڵاوبوونەوەی گیان لەدەستدانی نزیکەی 300 منداڵ لە ئاوەکانی نێوان ئەوروپا و ئەفریقا تەنها لە ماوەی شەش مانگدا، بێدەنگ بوون و هیچ هەڵوێستێکیان وەرنەگرتووە.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی یونیسێف گوتیشی "پێویستە ئەو منداڵانە بزانن کە تەنیا نین و پێویستیشە سەرکردەکانی جیهان بەپەلە هەنگاوی کرداری بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بنێن و گرنگی بە ژیانی منداڵان بدەن."

سەرچاوە/ماڵپەڕی یونیسێف

XS
SM
MD
LG