بەپێی هەواڵە نێوخۆییەکانی تورکیا، دەیان ناوچە لە دوو پارێزگای کوردنشینی شرنەخ و بەدلیس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا وەک "ناوچەی ئەمنی تایبەت" دەستنیشان کراون و قەدەغەی هاتوچۆیان تێدا سەپێنراوە.
ئەم بڕیارە دوابەدوای زیادبوونی پێکدادانی هێزەکانی تورکیا لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە دەرکراوە.
پارێزگاری شرنەخ ڕایگەیاندووە یاسای قەدەغەی هاتووچۆ لە شارەکانی شرنەخ، سێلۆپی، جزیرە و شاخەکانی جودی، گابار و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو پارێزگایانە لە ڕۆژی شەممە 15ی مانگی حەوتەوە تا 29ی مانگی حەوت جێبەجێ دەکرێت.
پارێزگاری بەدلیسیش لەم بارەیەوە ڕایگەیاند بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپا و بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی خەڵک، قەدەغەی هاتووچۆ لە هەندێک ناوچەی شاخاویدا ڕاگەیەندراوە.
چالاکان و خەڵکی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە سەپاندنی ئەو سنووردارکردنانە و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی سەدان هەزار دانیشتووی ئەو ناوچانە دەبێت. بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر لەو ناوچانە خەریکی بەخێوکردنی ئاژەڵ و کشتوکاڵن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی پێنجی ئەمساڵ لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بۆ یەکەمجار ڕایگەیاند کە کێڵگەی نەوتی زەبەلاحیان لە چیای گابار و جودی دۆزیوەتەوە.
سەرۆکی تورکیا لەکاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی تورکە ناسیۆنالیستەکان، گوتی "ئێمە نەوتمان لە جودی و گابار دۆزیوەتەوە کە توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی 100 هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا هەیە. ئایا دەزانن ئەمە مانای چییە؟ واتە ئەی تیرۆریستان، ئێمە بڕیارە لەم بیرە نەوتیانەدا بتانێژین."
ئاماژەی ئەردۆغان بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە کە دەوترێت کاریگەرییەکی زۆریان لەو ناوچەیەدا هەیە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ڕاگەیاندنی "ناوچەی ئەمنی تایبەت" لەو ناوچانە پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە.
چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان بە شێوەی یەک لایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاند. بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ململانێکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. سوپای تورکیا کوژرانی چەند سەربازێکی لەو ماوەیەدا پشتڕاست کردەوە. زۆربەی ئەو ململانێیانە لە پارێزگای شرنەخ و ناوچە شاخاوییەکانی هەڕێمی کوردستانی عێراق ڕوویانداوە.
وەرچەرخانی سیاسەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەرەو ڕۆژئاوا و خواستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، جارێکی دیکە هیواکانی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی و کەمکردنەوەی ململانێکان بەرزکردووەتەوە، بەڵام پێدەچێت تورکیا بییەوێت بەر لە هەر گۆڕانکارییەک بەرامبەر بە کوردەکان، تا ئەو جێگایەی بکرێت ئۆپۆزسیۆنی چەکدارەکانی خۆی لاواز بکات.
سەرچاوە/ماڵپەری دۆیچە ڤێڵە/میدیا نیوز