Accessibility links

لە زیمبابوێ پێشوازی لە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران دەکرێت


لە وڵاتی زیمبابۆی فەرشی سوور ڕادەخرێت بۆ پێشوازی لە سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەم سەردانەی ئیبراهیم ڕەئیسی، یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئێرانە بۆ ئافریکا لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا.

سەرۆکی زیمبابۆی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ڕۆبێرت موگابی، پێشوازی لە ڕەئیسی کرد و بە برا ناودێری کردوە.

ئەم سەردانەی سەرۆکی ئێران هاوکاتی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە تا پشتیوانیی دیپلۆماتی بەدەست بێنێت بەو ئامانجەی کەمێک لەو لە پەراوێزنانەی تێیکەوتووە خۆی دەرباز بکات.

ڕەئیسی، پێشتر سەردانی هەردوو وڵاتی کینیا و ئۆگەندای کردووە و لەگەڵ هاوشانەکانیدا کۆبوونەوەی کردووە.

ئافریکا بووەتە مەیدانی جەنگی دیپلۆماتیانەی نێوان ڕوسیا لە لایەک و جیهانی ڕۆژئاواش لە لایەکی تر بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ شەڕی ئۆکرانیا
شەڕی ئۆکرانیا کاریگەرییەکی خراپی ئابوریی کردووەتە سەر کیشوەری ئافریکا و بەهۆی ئەو شەڕەوە نرخی خواردەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو گران بووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەم سەردانانەی ئیبراهیم ڕەئیسی بە خاڵێکی نوێی وەرچەرخان دادەنێت و دەڵێت "دەبنە مایەی تۆکمەکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئافریکادا."

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر باری ژمارەیەک سزای قورسدایە بەهۆی بەرنامە ناوکییە مشتومڕ لەسەرەکەی و بەرنامە لەشکرییەکانی ترییەوە و هەروەهاش بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیشەوە.

ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا لە دوای شۆڕشی ژیناوە ژمارەیەک سزای قورسیان سەپاندە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی بەکارهێنانی هەموو جۆرە سەرکوتکردنێک دژ بە خۆپیشاندەرانی شۆڕشی ژینا.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ژمارەیەک سزای مەرگیان سەپاندووە بەسەر خۆپیشاندەراندا و ئەو سزایانەشیان جێبەجێکردووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG