Accessibility links

عێراق دەڵێت لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی دەکات لەسەر ڕفاندنی ژنێکی ئیسرائیلی و ڕووسیایی لە بەغدا


وێنەی ئەلیزابێت سەرکۆڤ کە لە 26 ی پێنجی 2017 لە ئەستبوڵ لەلایەن ڕۆژنامەواێکی سوریایی بە ناوی ئەحمەد محەمەد گیراوە
وێنەی ئەلیزابێت سەرکۆڤ کە لە 26 ی پێنجی 2017 لە ئەستبوڵ لەلایەن ڕۆژنامەواێکی سوریایی بە ناوی ئەحمەد محەمەد گیراوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، عێراق لێکۆڵینەوە لەسەر گومانی ڕفاندنی کەسێکی ئەکادیمی ئیسرائیلی- ڕووسیایی دەکات دوای ئەوەی لە بەغدا بێسەروشوێن بووە.

ئەلیزابێت سەرکۆڤ، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی پرینستن لە ئەمەریکاوە چووە بۆ عێراق زیاتر لە سێ مانگە لە عێراق بێسەروشوێنە.

نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە، کەتائیب حزبوڵای عێراقی تۆمەتبار کرد بە ڕفاندنی ئەو ژنە، بەڵام ئەو لایەنە چەکدارەی سەر بە ئێران ئاماژەی بەوە کردووە هیچ دەستێکی لەو کارەدا نییە.

کەتائیب حزبوڵا بەشێکە لە هێزی حەشدی شەعبی، کە پێشتر نیمچە سەربازیی بوو و لە ساڵانی ڕابردوودا تێکەڵ بە هێزە ئاسایشییەکانی عێراق کران.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر تەلەڤیزیۆن سەبارەت بە دیارنەمانی ئەو خانمە ئێوارەی پێنجشەممە، باسم ئەلعەوادی وتەبێژی حکومەت وتی " لە ڕاستیدا حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی ئەنجام دەدات".

ئەو بە کەناڵی ئەلئەحد کە لە حەشدی شەعبیەوە نزیکە ڕاگەیاند "بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی دۆسیەکە، ئاڵۆزییەکانی، هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بەم بابەتە نابێت تاوەکو ئەوکاتەی حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە فەرمییەکانی تەواو دەکات و دەگاتە ئەنجام".

دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی لە عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند، سەرکۆڤ "لە سەرەتای مانگی دوازدەی ساڵی 2022 گەیشتووەتە بەغدا."

ئەو خانمە لە 1 مانگی سێوە هیچ چالاکییەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نەبووە کە نزیکەی 80 هەزار شوێنکەوتووی هەیە و خۆی بە "دڵسۆز بۆ مافەکانی مرۆڤ" وەسف دەکات.

سەرچاوەیەکی هەواڵگری عێراقی ڕایگەیاندووە، سەرکۆڤ لە بەغدا "لە سەرەتای مانگی ڕەمەزان" ڕفێندراوە.

ڕۆژی چوارشەممە نووسینگەی نەتانیاهۆ ڕایگەیاند، سەرکۆڤ "هێشتا لە ژیاندایە و عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لەمەڕ سەلامەتی ئەو".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کچە "بە پاسپۆرتە ڕووسیاییەکەی بە خواسستی خۆی بۆ کارکردن لەسەر دکتۆرا و توێژینەوە ئەکادیمییەکانی بەناوی زانکۆی پرینستۆن لە ئەمەریکا" گەشتێکی بۆ عێراق کردووە.

لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆیدا، سەرکۆڤ نوسیویەتی، دەیەوێت لە بۆچوون و ئەزموونی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبگات و بیگەیەنێت و تیشک بخاتە سەر پێشێلکارییەکانی ئەکتەرە بەهێزەکان لە ناوچەکەدا.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، کەتائیب حزبوڵا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی "بارمتەیەک یان بارمتە زایۆنیستەکان" لەو وڵاتەدا.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس


XS
SM
MD
LG