فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە مانگی شەشدا 37 ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعشیان لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیان ئەنجامداوە.
لەو بەیاننامەیەی کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە CENTCOM دەڵێت لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 13 ئەندامی داعش کوژراون و 21ی دیکەش دەستگیرکراون.
ژەنەڕاڵ ماتیۆ مەکفارلن، فەرماندەی CJTF-OIR دەڵێت " بە بەردەوامی کەمبوونەوەی چالاکییەکانی داعش لە عێراق و سوریا، بەڵگەی پابەندبوونی هێزە هاوبەشەکانمانە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن بۆ شکستی هەمیشەیی داعش بە ڕاوێژکردن و هاوکاریکردن و بەهێزکردنی هێزە هاوبەشەکان."
ژەنەڕاڵ مەکفارلن ڕایگەیاند 30 ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە عێراق ئەنجامداوە و 12 ئەندامی داعش کوژراون و ٧ کەسیش بە دیل گیراون.
هەروەها فەرماندەی CENTCOM، ژەنەڕاڵ. مایکل "ئێریک" کوریل دەڵێت " ئێمە دەستخۆشی لە لێهاتوویی و پیشەییبوون و خۆبەخشی هێزە هاوبەشەکانی عێراق و سوریا و هاوپەیمانانمان دەکەین."
دەشڵێت " هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ تێکشکاندنی داعش تەنها لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی بەردەوام و هەمەلایەنە دەتوانرێت بەدیبێت."