Accessibility links

هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لە سوریا بێسەروشوێن بوون


بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێکهێنانی دەزگایەی سەربەخۆ بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لە سوریا بێسەروشوێن بوون، هیوا دەدات بە دەیان هەزار خێزانی سوریایی بۆ دۆزینەوەی ئازیزەکانیان.

بەدیع حەسەن یەکێکە لەو کەسانەی کە چاوی لە ڕێی هەواڵێکی ڕەبیع حەسەنی برایەتی کە ماوەی دە ساڵە هیچ هەواڵێکی نییە.

ئەو دەڵێت براکەی لە ساڵی 2013 ەوە لەگەڵ دوو هاوڕێی بێسەوشوێن بوون لەو کاتەدا داعش لەو ناوچەیەدا باڵادەست بوو.

بەدیع بە دەنگی ئەمەریکای گوت براکەی " شوفێری بارهەڵگربوو، باری دەبرد بۆ لازقییە، لە ڕەقە بێسەرو شوێن بوو، هەتا ئەوێش لەگەڵ ماڵەوە پەیوەندی هەبوو."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە ئەنجامی شەڕی سوریادا، لانیکەم 130 هەزار کەس تا ئێستا بێسەروشوێنن و لە نێو ئەوانەشدا ژمارەیەکی زۆری کوردی تێدایە.

لەگەڵ ئەوەی کە ژمارەیان نادیارە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە قامیشلۆ لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرسی بێسەوشوێنبووەکان دەکەن.

بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوانە، هەموو هێزەکانی سەر خاکی سوریا ئەم بابەتەیان پشتگوێ خستووە و چارەنووسی ئەو کەسانە لە کارنامەکانیاندا نییە.

ئۆرهان کەمال بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هاودەستی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " داوا لە هەموو لایەنەکانی سیاسی لە سوریا دەکرێت جا چ ئۆپۆزسیۆن بێت یان ڕژێم یان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ ئەوەی هاوکاربن لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەی کە تازە دەکرێتەوە بۆ گەیشتن بەو کەسانەی کە بێسەروشوێن بوون."

دۆسێی دەیان هەزار کەسی کە لە سوریا بێسەروشوێن بوون
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:53 0:00

کۆمەڵگەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 29ی شەشدا بڕیارێکی دەرکرد بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوون لە دۆسێی ئەو کەسانەی کە بێسەروشوێن بوون. بەم بڕیارە جارێکی تر بابەتی ئەو کەسانەی کە بێسەوشوێنن سەریهەڵدایەوە.

ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى MSD پێشوازیى لەو بڕیارە کرد، داواشى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد پشتیوانی دادگاییکردنى ئەندامانى (داعش) بکەن، چونکە چارەنوسى بێسەروشوێنەکان لە ڕێگەى دادگاکانەوە ئاشکرا دەبێت.

شێرا ئۆسێ، ئەندامی دەستەی باڵای ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک بە دەنگی ئەمەریکای گوت " دەتوانین پێکەوە چارەنوسی بێسەوشوێنەکان ئاشکرا بکەین و وەڵامێکمان بۆ کەسوکاریان دەستبکەوێت."

مانگی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕایگەیاند دەستی بە دادگاییکردنی گومانبارانی داعش کردووە. زیاتر لە 10 هەزار گومانباری چەکداری داعش لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرن کە زیاتر لە 2 هەزار لەوانە هاووڵاتی بیانین.

تا ئێستا ڕوون نییە کە دروستکردنی ئەم دەزگایەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە چ میکانیزمێک کارەکانی خۆی بەڕێوەدەبات، چ لە ناوچەکانی ڕژێم یان لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دیمەشق.

هەروەها بەدیع حەسەن هیواخوازە لەگەڵ دادگاییکردنی ئەندامانی داعشدا دۆسێی ونبووەکانیش بکرێتەوە تا چارەنووسی براکەی بزانرێت.

XS
SM
MD
LG