ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت فەرمانی داخستنی ڕێکخراوی ڕاسان لە هەرێمی کوردستان گورزێکی گەورەیە لە کۆمەڵگەی سیڤیلی سەربەخۆ.
ئەو ڕێکخراوە جیهانییە دەڵێت" پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی خێرا بنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕێکخراوەکانی وەک ڕاسان ڕێگەیان پێبدرێت بە ئازادی کاربکەن و هەراسانکردن و بەئامانجکردنی داکۆکیکارانی هاوڕەگەزخوازان ڕابگرن."
ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە HRW، ئیدانەی داخستنەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە نەک هەر کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان تێکدەدات بەڵکو "مەترسی لەسەر ژیان و گوزەرانی ئەو کەسانە دروست دەکات کە ئەگەری بەئامانجگرتنیان هەیە و پشتیان بە داکۆکییەکانی ڕاسان بەستووە." کوگل گوتیشی حکومەتی هەرێمی کوردستان " بە داخستنی ڕاسان پەیامێکی ڕوونی ناردووە کە ڕێز لە ئازادی دامەزراوە ناگرێت."
داخستنەکە لەئەنجامی فەرمانێکی دادگا بوو لە 31ی پێنجی 2023 کە هۆکارەکەی بۆ "چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە لە بواری هاوڕەگەزخوازی" گەڕاندووەتەوە.
ڕێکخراوی ڕاسان گرووپێکی کۆمەڵگەی مەدەنیە کە بە ئاشکرا داکۆکی لە مافی تاکی ، هاوڕەگەزخوازان، دوو ڕەگەزخوازان و ترانسجێندەرەکان (LGBT) دەکات، جگە لە کارەکانیان لەسەر مافەکانی ژنان و توندوتیژی خێزانی.
تانیا کەمال دەروێش، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی ڕاسان بە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی گوتووە هۆکاری داخستنی گروپەکە بەهۆی چالاکییەکانیەوە نەبووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دادوەر کێشەی لەگەڵ لۆگۆکەی هەبووە کە ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینەیە.
لە فەرمانی دادگادا هاتووە کە "لیژنەی پسپۆڕان پشتڕاستیان کردەوە کە لۆگۆی ڕێکخراوەکە دەربڕینێکی تەواوەتییە بۆ چالاکییەکانی لە بواری هاوڕەگەزخوازیدا."
سەرەڕای تانەدان لە بڕیارەکە، ڕاسان ناتوانێت لە ماوەی پرۆسەی تانەدانەکەدا کارەکانی بەڕێوەببات.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی بنکە لە نیویۆرک لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت داخستنی ڕاسان بەشێکە لە پلانێکی بەرفراوانتر بۆ چەوساندنەوە و بەئامانجکردنی کەسانی LGBT لە لایەن دەسەڵاتە خۆجێیەکانی کورد لە ساڵانی ڕابردوودا. هیومان ڕایتس وۆچ پێشتر بەڵگەنامەی بە ئامانجگرتنی کەسانی LGBT بە شێوەی ئۆنلاین و توندوتیژی دژی کەسانی LGBT لەلایەن گروپە چەکدارەکانی عێراقەوە بە حکومەتی هەرێیشەوە بەڵگە کردووە.
داخستنی ڕاسان دوای سکاڵایەک بوو لە لەلایەن عومەر گوڵپی ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە مانگی 2ی ساڵی 2021 کە تیایدا ڕاسانی تۆمەتبار کرد بە "بەرەوپێشبردنی هاوڕەگەزخوازی" و بەشداریکردن لەو چالاکییانەی کە سەرپێچی لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.
لە دەمی فەرمانەکەی دادگا گوڵپی لە هەژماری تایبەتی فیسبووکی خۆی لە 20 ی مانگی شەش ڕایگەیاندووە " هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ڕێکخراوەکەش بێجگە لە فێڵکردن لە فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکومییەکان، کارکردنی ڕێکخراوەکە بوو بە پێچەوانەی بنەما یاساییەکانو ئادابی گشتیو بنەما ئاینی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی کە بە بەڵگەی تەواوەوە ئاراستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردبوو."
تانیا دەروێش دەڵێت "وەزارەتی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە سکاڵاکەی گوڵپی کرد لە دژی ئێمە." هەروەها دەشڵێت " ئێمە سەرجمان لەسەر مافەکانی مرۆڤە. هەر کەسێک کێشەکانی بهێنێتە لامان ئێمە بەبێ هیچ جیاوازییەک هاوکاری دەکەین."
ڕێکخراوی ڕاسان نزیکەی 20 ساڵە لە سلێمانی کاردەکات هاوکاری یاسایی و سایکۆلۆژی و پشتیوانی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و کەسانی LGBT دابین دەکات.