Accessibility links

حەشدی شەعبی دەیەوێت زەوی گەڕەکێکی کوردی کەرکوک کە بۆ یاریگای منداڵان تەرخانکرابوو بکات بە بارەگای سەربازی


دژی هەوڵەکانی حەشدی شەعبی بۆ دەستبەسەرداگرتنی پارچە زەوییەکی گەورە و کردنی بە بارەگای سەربازی لە نێو جەرگەی گەڕەکێکی کوردنشیندا، دانیشتوانی گەڕەکی شۆراو لە شاری کەرکوک ناڕەزایەتییان دەربڕی و هەڵمەتێکی واژو کۆکردنەوەشیان دەستپێکرد.

دانیشتوانی ئەو گەڕەکە جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە ڕێگە نادەن حەشدی شەعبی دەست بەسەر ئەو پارچە زەوییەدا بگرێت و بیکاتە بارەگای سەربازی. بەرپرسانی ئەو هێزەش ئامادەنین قسە لەوبارەیەوە بکەن.

کۆردۆ کەرکوکی کەسایەتی گەڕەکی شۆراوی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ڕێگەی مامۆستایانی ئاینی و چین و توێژەکانەوە نزیکەی 4 هەزار واژومان کۆکردووەتەوە و واژوکانمان دایە پەرلەمانتارانی عێراق، تا دەنگمان بگەیەننە سەرۆکایەتییەکانی عێراق و ڕێگری بکرێت لە دەست بەسەرداگرتنی شوێن باخچەیەک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە."

هێزەکانی حەشدی شەعبی دوێنێ سێشەممە هەوڵیاندا دەست بە دروستکردنی بینای سەربازی بکەن لەسەر پارچە زەوییەکەی گەڕەکی شۆراو کە ڕووبەڕەکەی 6 دۆنمە. بەڵام دانیشتوانی گەڕەکەکە و پەرلەمانتارانی کوردی شاری کەرکوک ناڕەزایەتییان دەربڕی و کارەکەیان پێڕاگرتن.

ئەو پارچە زەوییەی حەشدی شەعبی دەیەوێت بارەگای سەربازی لەسەر دروست بکات بەشێکی باخچەیەو بەشەکەی تریشی بۆ یاریگای منداڵان و مەلەوانگەو شوێنی پشوودانی دانیشتوانی گەڕەکەکە دانراوە.

کوردۆ کەرکوکی وتی، "هیچ جێگەیەک نییە خەڵک بۆ پشوودان و کات بەسەربردن ڕووی لێبکات. دڵمانخۆشبوو ئەو پارچە زەوییە بکرێتە باخچەو پارک و شوێنی پشوودان، کەچی حەشد دەیەوێت بارەگای سەربازی لەسەر دروست بکات."

هەوڵەکانی حەشدی شەعبی بۆ دەستبەسەردا گرتنی ئەو پارچە زەوییە لە نێو جەرگەی گەڕەکی شۆراوی کوردنشین مەڵبەندی یەکێتی لەو شارە هێنایە دەنگ و هەڕەشەی ئەوەیانکرد "داگیرکردنی" پارچە زەوییەکە لە حەشد قەبوڵ ناکەن، بەڵام حەشد هیچ پەرچەکردارێکی نیشان نەدا.

سەباح حەبیب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، جەختیکردەوە کارکردنی حەشد بۆ دروستکردنی بینا لەسەر پارچە زەوییەکە وەستێنراوە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە قەبوڵ ناکەین باخچەی نێو گەڕەکێکی کوردنشین بکرێتە سەربازگە، بۆیە کارەکە ڕاگیرا."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە مستەفا ئیمامی فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبییەوە لەکەرکوک کرد، بەڵام ڕەتیکردەوە لێدوان لەوبارەیەوە بدات.

گەڕەکی شۆراوی کوردنشین یەکێکە لە گەڕەکە گەورەکانی شاری کەرکوک و بەهەزاران ماڵ لەو گەڕەکە نیشتەجێیە. ئەم گەڕەکە لە دوای ڕووخانی بەعس لە ساڵی 2003 دروستکرا، بەو پێیەی گەڕەکی شۆراوی کۆن کرایە ناوچەیەکی نەوتی.

بارەگای سەرەکی بەشێک لە حزبە کوردییەکان لە گەڕەکی شۆراوەیە، بەتایبەت بارەگای کەرکوکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی. ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێشووتری کەرکوک_گەرمیانی پارتیش لەو گەڕەکەبوو، بەڵام ئێستا هێزەکانی سوپای عێراقی تێدایە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوکەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی بەردەست نەبوو.

لای خۆیەوە، کامەران کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دیزاینی بنەڕەتی ئەو پارچە زەوییەی حەشد دەیەوێت داگیری بکات بۆ باخچەیە. کاتی خۆی بودجەی دواخرا بۆیە تەواو نەکرا. بۆیە حەشد ناتوانێت داگیری بکات و نایاساییە."

جاری دووەمە حەشدی شەعبی لەگەڕەکی شۆراو هەوڵی دەستبەسەردا گرتن و کردنی ئەو پارچە زەوییە بە بارەگای سەربازی دەدات. جاری یەکەم لە ڕۆژی 10 ی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ بوو بەڵام هەوڵەکەی شکستی هێنا. هەروەها بەهۆی ناڕەزایەتی دانیشتوانی گەڕەکەکەوە، دوێنێ سێشەمەش هەوڵی دووەمی ئەو هێزە سەرینەگرت.

XS
SM
MD
LG