Accessibility links

تەریقەتی کەسنەزانی لە یەکەم جوڵەی سیاسی خۆیدا داوای خۆپیشاندان دەکات


بەرپرسی راگەیاندنی تەریقەتی کەسنەزانی بە سەرۆکایەتی شێخ نەهرۆ محەمەد کەسنەزانی رایگەیاند چوارشەمە دژی "گەندەڵ و گەندەڵکاران" خۆپیشاندانێکی گەورە لە شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار ئەنجام دەدەن.

ئەبو جونەید، بەرپرسی راگەیاندنی تەریقەتی کەسنەزانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئامادەکاریمان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی گەورە لە پارێزگای ئەنبار کردووە و مۆڵەتمان بۆ ئەو خۆپیشاندانە وەرگرتووە کە ئاشتییانە دەبێت."

شاری رومادی بە یەکێک لەو ناوچانەی عێراق دادەنرێت کە لای تەریقەتی کەسنەزانی جێی بایەخە. بەپێی وتەی کەسایەتییەکانی نێو تەریقەتەکە ژمارەیەکی زۆر شوێنکەوتوویان لەو شارە هەیە.

ئەبو جونەید دەڵێت، "ئامانجمان لە خۆپیشاندانەکە پاڵپشتیکردنی ڕاستەوخۆیە لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی و گەندەڵکاران."

تەریقەتی قادری کەسنەزانی یەکێکە لە تەریقەتەکانی سۆفیگەری، تەکیەی سەرەکی لە شاری سلێمانییە و شێخ نەهرۆ محەمەد کەسنەزانی سەرۆکی تەریقەتەکەیە. ئەم تەریقەتە لە عێراق، ئێران و پاکستان و چەندین وڵاتی عەرەبی شوێنکەوتوویان هەیە.

هەرچەندە تەریقەتی کەسنەزانی تەریقەتێکی ئاینییە، بەڵام زۆرجار شێخ نەهرۆ محەمەد کەسنەزانی سەردانی کەسایەتییە سیاسییەکان دەکات و لە گەڵ سیاسییەکاندا دەرکەوتنی هەیە.

بە پێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی نێو تەریقەتەکە کە پێشتر بۆ دەنگی ئەمەریکا قسەیانکردبوو، لە نێو تەریقەتدا هەندێک جم و جۆڵ بەدی دەکرێت بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم. باڵام پێشتر تەریقەتەکە ئەمەی ڕەتکردووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە تەریقەتی کەسنەزانی کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ڕەنگە ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکەی رومادی سەرەتایەک بێت بۆ جوڵەی سیاسی تەریقەت."

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، "رومادی شوێنکەوتووی زۆری تەریقەتی تێدایە، بە شێوەیەک لە نێو ئێمەدا وەکو کربچنەی دووەم ناوی دەهێنرێت کە شوێنی سەرەکی تەریقەتە."

رەجەب عاسی، چالاکوانی سیاسی پێیوایە، تەریقەتی قادری و تەریقەتەکانی تریش کاتێک دەبینن هەموو بڕیارەکان لای سیاسییەکانە و بەناوی ئاینیشەوە قسە دەکرێت، بۆیە بە گرنگی دەزانن ئەوانیش قسەیان هەبێت.

رەجەب عاسی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "سەرۆکی تەریقەتی قادری باکگراوەندی سیاسی هەیە و ئاشنایە بە کاری سیاسییە، بۆیە بەدوور نازانرێت خۆپیشاندانەکە سەرەتایەک بێت بۆ بەشداری سیاسی."

تەریقەتی قادری کەسنەزانی چەندین تەکیەی لە شاری رومادی و سەرووی بیست تەکیەشی لە هەرێمی کوردستان هەیە. شوێنکەوتووانی تەریقەتەکە لەنێو ئەو تەکیانەدا مەراسیمی ئاینی ئەنجام دەدەن، ئەمە جگە لەو مەراسیمە گەورانەی ناو بە ناو لە تەکیەی سەرەکی سلێمانی ئەنجام دەدرێن.

شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە ڕێگەی گروپە ناوخۆییەکانی تەریقەتەکەیەوە لە سۆشیال میدیا داوای لە لایەنگرانی کردووە بەشداری خۆپیشاندانەکەی سبەینێی شاری روومادی بکەن. هۆشداریشی پێداون لە بەشداری نەکردن لە خۆپیشاندانەکەدا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بەشێک لە لایەنگرانی کەسنەزانی لە هەرێمی کوردستانیشەوە بچنە رومادی بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکەدا.

ئەبو جونەید بەرپرسی راگەیاندنی تەریقەتی کەسنەزانی دەڵێت، "تەریقەتی کەسنەزانی لە دوای ساڵی 2003 ەوە ڕۆڵی لە عێراق دا هەبووە. بایەخی بۆ کاری سیاسی هەیە و لەسەر ئاستی عێراق و پارێزگاکان ڕۆڵمان هەبووە."

ئەبو جونەید، دەڵێت"چاکسازی لە ڕێگەی سیاسەتەوە دەکرێت، لە ڕێگەی کاری سیاسی راستەقینەو رەچاوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی رادەبردبڕین، چونکە ئەمە لەبەرژەوەندی گەلی عێراق و عێراقییەکانە."

هەرچەندە تەریقەتی قادری کەسنەزانی بەشداریکردنی سیاسی لە ڕابردوودا ڕەتکردووەتەوە، بەڵام پێشتر چەند پەرلەمانتارێکی نزیکی لەم تەریقەتە بە دەنگی لایەنگر و دۆستانیان لە بەغدا و ئەنبار رۆیشتوونەتە پەرلەمانی عێراق. غاندی کەسنەزانی برای سەرۆکی تەریقەتەکە یەکێکبووە لەو پەرلەمانتارانە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:04 0:00

XS
SM
MD
LG