Accessibility links

سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا: نامانەوێت وڵاتەکەمان ببێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئێران و موجاهیدینی خەلق


سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا ڕایدەگەیەنێت کە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق مافی ئەوەی نییە خاکی ئەلبانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی ئێران بەکاربهێنێت.

چەند ڕۆژێک دوای هێرشی لەناکاوی پۆلیسی ئەلبانیا بۆ سەر کەمپێکی موجاهدینی خەلق لەو وڵاتەدا، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە ئەو ڕێکخراوەیەی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ ئەلبانیا پێشێل کردووە و لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە مەرجی ئەلبانیا بۆ نیشتەجێبوونی ئەندامانی سازمانی موجاهدینی خەلق لەو وڵاتە ئەوە بووە کە ئەو ڕێکخراوەیە، وڵاتەکە وەک سەکۆیەک بۆ چالاکییە سیاسییەکانی بەکارنەهێنێت و گوتیشی "میوانە ئێرانییەکانمان ئەم ڕێککەوتنەیان پێشێل کردەوە."

ئیدی ڕاما، سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی نایهەوێت بچێتە جەنگەوە لەگەڵ حکومەتی ئێران و وتی ڕێگە نادات هیچ کەسێک وڵاتەکەی بۆ مەبەستی خۆی بەکاربهێنێت".

سەبارەت بە قبوڵکردنی داواکاری باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا، بۆ وەرگرتنی هەزاران ئەندامی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق لە ساڵی 2016، گوتی ئەو کارە "ئۆپەراسیۆنێک بوو بۆ ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان" و لەو کاتەدا ئەندامەکانی ڕێکخراوی موجاهدین لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە داوا دەکران و گیانیان لەمەترسیدا بوو.

هێزەکانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق کە دەیان ساڵ لە عێراق جێگیر بوون، دوای هێرشی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێندا، لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکدا لە نێوان واشنتن و حکومەتی ئەلبانیا، گواسترانەوە بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە ئەوروپاییە.

سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا سەرەڕای قبوڵکردنی مافی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق سەبارەت بە خەبات کردن بۆ ئازادی، ڕایگەیاندووە "ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە بۆ درێژەدان بە چالاکییەکانیان دژ بە کۆماری ئیسلامی، دەبێت ئەلبانیا بەجێبهێڵن."

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG