بەپێی دوایین ڕاپۆرتی "کۆڵبەرنیوز" کە بەشێوەیەکی تایبەت چاودێری هەواڵەکان لە پەیوەند بە کۆڵبەرانەوە دەکات، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، 61 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و جادە و بانەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانانی سنوور و ڕووداوە سروشتییەکان یان بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە.
بە پشتبەستن بەو ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو ژمارەیە، 11 کۆڵبەر کۆژراون و 50ی کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کۆلبەر نیوز ڕایەگەیاندووە، لە کۆی گشتی 61 کۆڵبەری کوژراو و بریندار، 42 حاڵەتیان بەهۆی تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران یان کوژراون یان برینداربوون.
کۆڵبەر نیوز پێشتریش لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بڵاوی کردبووەوە، ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم 39 کۆلبەر لەو ناوچانە کوژراون و 195 کەسیشیان برینداربوون.
کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد لە کاتێکدایە کە شارەکانی کوردستان لە ئێران زۆرترین ڕێژەی بێکارییان تێدایە و خەڵکی ئەو ناوچەیە لە ڕووی ناچارییەوە ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە.
شایەنی باسە کۆڵبەر بەو کەسانە دەوترێت کە لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران، کە زۆربەیان لە شار و گوندەکانی سەقز، پیرانشار، بانە، سەردەشت، مەریوان و هەورامان و جوانڕۆ و کرماشان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان بە شێوەی نایاسایی کاڵا و شتومەک بە کۆڵ لە هەرێمی کوردستان و تورکیاوە دەگوازنەوە بۆ ناو ئێران.
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، لانیکەم 61 کۆڵبەر لە کوردستانی ئێران یان کوژراون یان بریندار بوون
