Accessibility links

ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران: گۆڕینی ڕابێرت ماڵی بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ بەدیهێنانی ڕێککەوتن لەگەڵ تاراندا


ڕابێرت ماڵی لەسەر سفرەی نەورۆز
ڕابێرت ماڵی لەسەر سفرەی نەورۆز

ئاژانسی هەواڵی ئیرنای حکومەتی ئێران دەڵێت پشوودانی ڕابێرت ماڵی، نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران بە بڕیارێکی تایبەت بە مانای لابردنی ناوبراوە لە پۆستەکەی و پێشوازی لەو کارەش دەکات.

ئەو ئاژانسە هەواڵییە لە ژێر ناوی یاداشتێکدا بەناونیشانی "لادانی ڕابێرت ماڵی ماناکەی چییە؟" بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم پێشهاتەی ئەمەریکا لە پێناو هەوڵەکانی ئەو وڵاتەدایە بۆ "بەدیهێنانی ڕێککەوتن لەگەڵ تاراندا."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنج شەممە، 29ی مانگی شەش ڕایگەیاندووە کە ڕابێرت ماڵی بە بڕیارێکی تایبەت لە پشوودایە و میدیاکانی ئەمەریکاش باس لەوە دەکەن کە لە درێژەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە ئەگەری "خراپ بەکارهێنانی بەڵگە نهێنییەکان" لە لایەن ڕابێرت ماڵییەوە، ناوبراو بە بڕیارێکی تایبەت و بە بێ مووچە ناچارکراوە لە کارەکەی پشوو وەرگرێت.

ڕابێر ماڵی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دوو ساڵ لەمەوبەر دوای دەستبەکاربوونی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

شایانی باسە کە ماڵی لە سەردەمی بەڕێوبەرایەتی ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەشێک بووە لەو لێژنەیەی کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بەشدار بووە.

مەتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە وەڵامی هەواڵەکان سەبارەت بە ڕابێرت ماڵی بە پەیامنێری دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند و گوتی "ئەو لە مۆڵەتدایە و لە ئێستادا ئەبرام پاڵی لە شوێنی ئەو کاردەکات".

هەروەها ماڵپەڕی ئاکسیۆس نووسیویەتی ڕابێرت ماڵی، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە بەو ڕۆژنامەیەی ڕایگەیاندووە کە "مۆڵەتەکانی بۆ دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەی ئاسایشی لە ژێر پێداچوونەوەدایە و چاوەڕێ دەکات لێکۆڵینەوەکان بە خێرایی و باشی کۆتاییان پێبێت."

سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاوە ڕایگەیاندووە، ماوەیەک پێش ئێستا مۆڵەتی ئەمنی ڕابێرت ماڵی بەهۆی لێکۆڵینەوەیەکی ئەمنی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە ئەگەری خراپ بەکارهێنانی زانیاریی وبەڵگە نهێنییەکان ڕاگیرا. ناوبراو وردەکارییەکانی ئەم "ئەگەری خراپ بەکارهێنانە" لەو ڕاپۆرتەدا نەخستوەتەڕوو.

سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا سەبارەت بەم پرسە نووسیویەتی لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ڕابێرت ماڵی لەسەر کارەکەی بووە، بەڵام مافی دەستڕاگەیشتنی بە زانیاری نهێنی نەبووە، بەڵام لەو کاتەدا لەگەڵ ئەمیر سەعید ئیروانی نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیداری هەبووە، سی ئێن ئێن باس لەوە دەکات کە ڕوون نییە ئایا ئەو کۆبوونەوانەی ماڵی لەگەڵ نوێنەری ئێران دوای ڕاگرتنی مۆڵەتی ئەمنی ناوبراو بووە یان نا.

لەئیستادا ئیرنا، ئاژانسی دەوڵەتی ئێران ئەم پێشهاتەی لە پاڵ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی لەگەڵ ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆمی و هەروەها بڵاونەکردنەوەی بڕیارنامەی دژە ئێران لە لایەن ئەنجومەنی ئەو ئاژانسەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا بە گرنگ ناو دەبات و نووسیویەتی "گۆڕینی ڕابێرت ماڵی ئەو ئەگەرە بەهێز دەکات کە حکومەتی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ناچار بووە هەندێک کەس سنووردار بکات."

XS
SM
MD
LG