Accessibility links

دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان: لە شەش مانگی ڕابردوودا حکومەت بە نایاسایی موچەی داوە بە پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان


سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ گەشەپێدان و پەروەردە کە چاودێری کارەکانی پەرلەمان دەکات دەڵێت، سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران نزیکەی 4 ملیار دیناریان بە نایاسایی وەرگرتووە بەو پێیەی لە مانگی 11 ی ساڵی ڕابردووەوە تەمەنی ئەم خولەی پەلەمانی کوردستان کۆتاییپێهاتووە و ئەوان بە نایاسایی تەمەنی پەرلەمانیان درێژ کردووەتەوە، مووچەی تەواو و نەسریەشیان وەرگرتووە.

دکتۆر سەروەر عەبدوڵڕەحمان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "موچەی پەرلەمانتاران خەرجکراوە، ئەو موچە زۆرە نایاساییە، لەکاتێکدا ئەو پەرلەمانتارانە سوێندیان خواردووە کە پابەندبن بە یاساوە."

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 9ی مانگی دەی ساڵی 2022 بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی یاسایی خۆی درێژ کردەوە، بەڵام لە 30ی مانگی پێنجی ئەمساڵدا دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارەکەی بە نادەستوری ناودێرکرد و حکومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاریدا درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە.

دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان دەڵێت " تەنها ئەو بڕە مووچە زیادەیەی کە بە پەرلەمانتاران دراوە نزیکەی 4 ملیار دینارە، بە 4 ملیار دینار دەتوانرا کۆمەکێکی چاکی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی و نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر بکرێت کە بۆ توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجەیە کە دەرمانیان لێبڕاوە، دەتوانرا چەند قوتابخانەیەک دروست بکرێت لە ناوجەرگەی شارەکاندا."

ئینستتوتی پەی کە لە سێ بواردا کار دەکات لەوانە چاودێری کردنی کارەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، چاودێری کردنی کەرتی پەروەردە و چاودێری کردنی خوێندنی باڵا، لە 2/6/2023 یادداشتێكی ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی خولی پێنجهەمی پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم فراكسیۆنەكان كرد و وێنەیەكیشی بۆ هەریەک لە سەرۆكایەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی، دەستەی دەسپاكی، داواكاری گشتی، دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمدا نارد و تاییدا باس لە چۆنیەتی پابەند بوون بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و یاسای چاکسازی و هەنگاوە پێویستەكانی كە دەبوو بنرێن کراوە.

دکتۆر سەروەر باس لە بارودۆخی دارایی خەڵک دەکات و هاوپەیوەندی دەکات بەو موچە و بودجە و کۆمەکە داراییانەی کە بۆ پەرلەمان و فراسیۆنەکان خەرجدەکرێت و دەڵێت "لەکاتێکدا قەیرانی دارایی هەیە و تا ئێستا موچەی مانگی 5 بە تەواوەتی وەرنەگیراوە، شەش مانگی ڕابردوو حکومەت بە نایاسایی موچەیان داوە بە پەرلەمانتاران و منحەیان داوە بە سەرۆکایەتی و نەسرییەی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان دەدرێت."

سەبارەت بە یاسایی و نایاسایی بوونی ئەو مووچە و بڕە پارە زۆرانەی کە تەرخانکراوە بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتاران؛ دکتۆر سەروەر دەڵێت "ئەمە بە ڕاستی پێشێلکارییەکی گەورەیە کە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردویەتی."

دوابەدوای ئەو یاداشتەی پەیمانگەی پەی هەندێک لە پەرلەمانتاران بیریان لەوە کردووەتەوە ئەو موچانەی وەریانگرتووە ڕادەستی حکومەتی بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا لە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی پێویستیان بڵاونەکردۆتەوە و هیچ لێدوانیکیشیان لەبارەی یاداشتەکەی ئینستتوتی پەیەوە بڵاونەکردۆتەوە و هیچ ڕێوشێنێکیشیان نەگرتووەتە بەر سەبارەت بە وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی کە بۆ مووچەی پەرلەمانتاران و فراکسیۆن و سەرۆکایەتی لەو ماوەیەی پێشوودا خەرجکراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:38 0:00

XS
SM
MD
LG