کەناڵی سی ئێن ئێن(CNN) ڕایدەگەیەنێت گفتوگۆیەکی دوو خولەکی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای دەستکەوتووە کە دەریدەخات نەک هەر بەڵگەنامە نهێنییەکانی پەنتاگۆنی لەبارەی هێرش بۆ سەر ئێران لای خۆی هێشتووەتەوە، بەڵکو بە پێی دەنگەکە دەبیسترێت کە بەڵگەکانی پیشانی هەندێ کەس داوە کە ڕێگەپێدراو نەبوون بۆ بینینی ئەو جۆرە بەڵگەنامە نهێنیانە.
چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، ڕۆژنامەی واشنتن پۆستیش دەستڕاگەیشتنی خۆی بەو فایلە دەنگییە ڕاگەیاند و نووسیویەتی لەو چاوپێکەوتنەدا ترامپ بە ئاشکرا باس لەوە دەکات کە ئەو بەڵگانە نهێنین و تەنانەت شانازی دەکات بەوەی کە بەڵگەکانی لەلایە.
بە پێی هەواڵە نێوخۆییەکانی ئەمەریکا، ئەو گفتوگۆ ئاماژە پێکراوەی ترامپ دەگەڕێتەوە بۆهاوینی ساڵی 2021 لە یانەی گۆڵفەکەی لە ویلایەتی نیوجرسی و دەڵێن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەڵگەنامەیەکی نهێنی پیشانی نووسەری کتێبێک و بڵاوکەرەوەکەی داوە و ئاماژە بەوە کردووە کە ئەو بەڵگەیە نهێنییە و پەیوەندی بە هێرش بۆ سەر ئێرانەوە هەیە.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دەڵێت لە فایلە دەنگییەدا ترامپ بە ئاماژەدان بە پلانی پنتاگۆن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بە ئامادەبووانی دانیشتنەکە دەڵێت "سەیرکەن، ئەمانە بەڵگەنامەکانن. دەمتوانی وەک سەرۆک کۆمار ئاشکرایان بکەم و لە حاڵەتی نهێنی دەریان بهێنم، بەڵام ئێستا ناتوانم. سەرنجڕاکێش نییە؟ ئەوە زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە."
ترامپ سەبارەت بەو فایلە دەنگییە ڕایگەیاندووە کە لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بەڵگەنامەیەکی نهێنی دیاریکراو نەکردووە، بەڵکو ئاماژەی بە هەواڵ و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان کردووە سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران.
ئەو ڕایگەیاندووە ئەو بەڵگەنامانەی کە لە هاوینەهەواری تایبەتی خۆی لە لایەن داواکاری گشتی و پۆلیسی فیدراڵی دەستی بەسەردا گیراوە، پێش ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار جێبهێڵێت، لە پۆلێنبەندی بەڵگەنامە نهێنییەکانی دەرهێناوە و ئەگەر بەڵگەنامەیەکی تری نهێنی هەبووبێت، ئاگادار نەبووە.
مانگی ڕابردوو سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوای ئەوەی لە دادگای فیدراڵی لە شاری مەیامی بۆ ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکان ئامادەبوو، لە وەڵامی دادوەرەکەدا، هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە پەیوەندییان بە پێشێلکردنی یاسا فیدراڵیەکانەوە هەیە سەبارەت بە هێشتنەوەی بەڵگەنامەکانی حکومەت و خۆی بە بێتاوان زانی.
لە کۆی گشتی 37 تۆمەت کە ئاراستەی ترامپ کراوە، 31 تۆمەتیان پەیوەندی بە شاردنەوەی بە ئەنقەست بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئاسایشی نیشتمانی و بەرگرییەوە هەیە و تۆمەتەکانی دیکەش پەیوەستن بە پیلانگێڕی بۆ بەربەستدان لە لێکۆڵینەوەکان و خستنەڕووی بەڵگەی ساختە.