Accessibility links

هاوکاتی هەوڵەکانی ئەوروپا بۆ ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێراندا، گروپێکی مشتومڕلەسەری ئۆپۆزسیۆنی ئێران هەست بە فشار دەکات


لایەنێکی مشتومڕلەسەرەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ئەوروپا دەچێتە ژێر گوشاری زیاترەوە لە کاتێکدا بە ترسەوە دەڕوانێتە دانوستانەکانی ئەورووپا لەگەڵ تاراندا بۆ هەوڵی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە.

لایەنگرانی موجاهدینی خەڵق (MEK)، گروپەکە بە تاکە گرووپی ئۆپۆزسیۆنی باوەڕپێکراو دەزانن کە بنکەکەی لە دەرەوەی ئێرانە، هەرچەندە لەلایەن زۆرێک لە ئێرانییەکانەوە گومانیان لەسەرە، بە تایبەتی ئەوانەی دژایەتی دەسەڵاتی ئاینی دەکەن.

موجاهدینی خەڵق و ئەنجوومەنی نیشتمانی بەرخۆدانی ئێران (شورای مقاومەتی میلی)، کە بنەڕەتدا باڵی سیاسی موجاهدینی خەڵقە، ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکەن بەوەی " خۆی ڕادەستی داواکانی ئێران کردووە" بەهۆی کێشەکانی کە دووچاری بوونەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئاماژەیان بە نیگەرانییە ئاسایشییەکان کرد بۆ قەدەغەکردنی گردبوونەوەیەکی ساڵانەی ئەنجومەنی نیشتمانی بەرخۆدانی ئێران لە 1ی مانگی حەوت، کە گروپەکە بە هیوابوو دەیان هەزار کەس کۆبکاتەوە.

لە 20ی مانگی شەش، دەسەڵاتدارانی ئەلبانیا هەڵیانکوتایە سەر کەمپێکی کە ماوەی دە ساڵە ئەندامانی موجاهدینی خەڵقی تێدا نیشتەجێن لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا کە لە دوای هێرشەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2003 بۆ سەر حکومەتی بەعسی پێشووی عێراق کرابوو.

ئەنجومەنی نیشتمانی بەرخۆدانی ئێران ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە ئەندامانی موجاهدینی خەڵق کوژراوە، ئەمەش لەلایەن تیراناوە ڕەتکراوەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، پۆلیسی ئەلبانیا دەستی بەسەر 200 کۆمپیوتەردا گرتووە.

وە لە ڕووداوێکدا کە هێشتا بارودۆخەکەی بە تەواوی ڕوون نەکراوەتەوە، سەرەتای ئەم مانگە بۆمبێک فڕێدرایە ناو ئۆفیسێکی ئەنجومەنی نیشتمانی بەرخۆدانی ئێران لە دەرەوەی پاریس بەڵام بەپێی پۆلیسی فەرەنسا و گروپەکەش هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

مریەم ڕەجەوی کە سەرۆکایەتی هەردوو پارتی موجاهدینی خەڵق و ئەنجومەنی نیشتمانی بەرخۆدانی ئێرانیش دەکات، لە کۆبوونەوەیەکدا لە دەرەوەی پاریس ڕایگەیاند، ئەو ڕووداوانە بەرهەمی "سیاسەتی خۆڕادەستکردنن" لەلایەن ڕۆژئاواوە، گومانی ئەوەی کرد کە "لەسەر داوای ڕژێمی ئێران ڕوویانداوە".

موجاهدینی خەڵق لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە گروپێکی قەدەغەکراو دادەنرێت و تۆمەتبارکراون بەوەی کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەڵمەتێکی توندوتیژی هێرشیان ئەنجامداوە.

گروپەکە دەیان ساڵ کاری لەسەر لابردنی شای ئێران کردبوو و سەرەتا پشتگیری لە شۆڕشی ساڵی 1979 کردبوو. بەڵام پاش ماوەیەکی کورت ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵاتدارە نوێیەکانی ئێراندا دروست بوو و پشتگیری سەدام حسێنی کرد لە شەڕی ئێران و عێرقدا.

سەرچاوە: فرانس پرێس


XS
SM
MD
LG