دوای زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، یاسادانەرانی ئەمەریکا داوایان کردووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هێزی پێشمەرگەی هەرێم دابین بکرێت.
لێژنەی هێزە سەربازییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی چوارشەممە، 22ی مانگی شەش هەموارێکی یاسایی کۆمارییەکانی پەسەند کرد کە پشتگیری لە گواستنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ پێشمەرگە دەکات. ئەم دەنگدانە لە کاتی کۆتاییهێنان بە "یاسای دەسەڵاتەکانی بەرگری نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2024" ئەنجامدراوە.
دان بەیکێن، یاسادانەری کۆماری لەمبارەیەوە بە ماڵپەڕی هەواڵی "میدێل ئیست ئای" ڕاگەیاندووە ئەو هەموارکردنە پشتیوانی بەهێزی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکانی لە پشتە و داوا دەکات حکومەتی ئەمەریکا بەرنامەیەک دابڕێژێت بۆ ڕاهێنان و ئامادەکردنی هێزی پێشمەرگە و هەروەها هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش دژی مووشەک و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران.
بە گوتەی جاناتان لۆرد، شرۆڤەکاری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری ئاسایشی ئەمریکای نوێ، لە ئێستادا پێشمەرگەی هەرێم مانگانە بڕی 20 ملیۆن دۆلار لە پنتاگۆن وەردەگرێت.
ئەو گوتی ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان بە هۆی داخۆازی زۆری هاوپەیمانەکانی واشنتن، دەبێتە هۆی سنوورداربوونی دابینکردنی کەرستەیەکی سەربازی لەو شێوەیە.
گوتیشی "سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکا خواستێکی زۆری لەسەرە؛ ئۆکرانیا، وڵاتانی کەنداو، هەرێمی کوردستان و هەر وڵاتێک یان ناوچەیەک کە موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران مەترسی بۆ دروست بکات، بەدوای بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانیدا دەگەڕێت."
شایانی باسە کە پڕۆژەکە لە ئێستادا تەنها لە لایەن لێژنەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکراوە و تاکو پەسەندکردنی کۆتاییەکەی لەوانەیە کاتێکی زۆر ببات و هەروەها لەوانەشە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند نەکرێت.
ئەمەریکا مانگی 12ی ساڵی 2021 کۆتایی بە ئەرکەکانی شەڕ لە عێراق هێنا، بەڵام نزیکەی 2500 سەربازی هێشتا لەو وڵاتەدان، بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان و بەغدا و وەک ڕاوێژکار هاوکاری حکومەتی عێراق دەکەن.
سەرچاوە/میدێل ئیست ئای