Accessibility links

چەکدارانی ڤاگنەر بەردەوامن لە پێشڕەوی بەرەو مۆسکۆ


لە کاتێکدا بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 24ی مانگی شەش گرووپی ڤاگنەر ڕایانگەیاند کە دەستیان بەسەر بنکە سەربازی و حکومییەکانی شاری ڕۆستۆڤ لە کەنارەکانی دەریای ئازۆڤ گرتووە و بەرەو مۆسکۆ پێشڕەوییان کردووە، دوایین ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە شەڕ و پێکدادانی چەکدارانی ئەو گرووپە لەگەڵ سوپای ڕووسیا لە شاری ڤۆرۆنیژ دەکەن.

ئەلێکساندەر گۆستیڤ، پارێزگاری شاری ڤۆرۆنیژ کە 500 کیلۆمەتر لە مۆسکۆوە دوورە، لە پەیجی تێلێگرامی خۆی پەیامێکی سەبارەت بە دۆخی شارەکە و شەڕی لە ناوچەکە بڵاوکردوەتەوە و ڕایگەیاندوە کە میلیشیاکانی ڤاگنەر ڕایانگەیاندووە کە ستوونێکی هێزەکانیان لەو شارەوە بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتوون.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش تێپەڕبوونی ستوونی سەربازی ڤاگنەری لە شاری ڤۆرۆنیژ لە ڕووسیا پشتڕاستکردوەتەوە و لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزی ئاسمانی ڕووسیا ئەنبارێکی سووتەمەنی لەو شارەدا بۆردومان کردووە بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی چەکدارانی ڤاگنەر.

هاوکات گروپی ڤاگنەر لە پەیجی تێلێگرامی خۆی باس لە پێشڕەوی کاروانی سەربازی گرووپەکە بە درێژایی دوو کیلۆمەتر لە نزیک ڤۆرۆنیژ دەکات و دەڵیت "ئەم کاروانە بەرەو فڕۆکەخانەی شارەکە دەڕوات و لە هەر ستوونێکی سەربازیشدا سیستەمێکی مووشەکی دانراوە."

دوای دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە حکومییەکان لە شاری ڕۆستۆڤی ڕووسیا لەلایەن بەکرێگیراوانی ڤاگنەرەوە، پوتن گروپەکەی ڤاگنەری بە یاخیبوونی چەکداری و خیانەت تۆمەتبار کرد.

یەڤیگنی پریگۆژین سەرۆکی واگنەر قسەکانی پوتنی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاندووە کە چەکدارانی ژێر دەسەڵاتی ئەو نیشتمانپەروەرن و نایانەوێت وڵاتەکە لەژێر گەندەڵی و درۆ و بیرۆکراسیدا بژیت."

پریگۆژین دەڵێت " لەگەڵ 25 هەزار چەکداری گروپی ڤاگنەر ئامادەیە بۆ گەلی ڕووسیا بمرێت".

لە هەمان کاتدا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئەمەریکا و بەریتانیا حکومەتەکان لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتە نوێیەکانی ڕووسیا دەکەن و لەو بارەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان ڕاوێژ دەکەن.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG