وەزیری ناوخۆی پاکستان ڕۆژی هەینی 23ی مانگی شەش ڕایگەیاند کە لانیکەم 350 کەس لە سەرنشینانی ئەو کەشتییەی چەند ڕۆژ پیش ئێستا لە ئاوەکانی یۆنان نوقم بوو، خەڵکی ئەو وڵاتە بوون.
ڕانا سەنائۆڵا خان لە دانیشتنێکی پەرلەمانی پاکستان ڕایگەیاند کە ئەو کەشتییەی کە لە 14ی مانگی شەشدا نوقمبوو، لە نێوان 400 بۆ 700 کۆچبەری تێدا بووە و تا ئێستاش 281 خێزانی پاکستانی کە دەڵێن منداڵەکانیان لە نێو قوربانییەکانی ئەو کەشتییەدان، پەیوەندییان بە حکومەتی ئەو وڵاتە کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری و یارمەتی لەبارەی منداڵەکانیانەوە.
وەزیری ناوخۆی پاکستان ئاماژەی بەوەشکرد بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی کە لە ناو کەشتییەکەدا بوون، تا ئێستا ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی 193 خێزانی پاکستانی کۆکراوەتەوە.
تەنیا 104 سەرنشینی ئەو کەشتییە ڕزگار کراون کە 12 کەسیان هاووڵاتی پاکستانن و بەپێی ئەو ئامارەی کە حکومەتی یۆنان لە 19ی مانگی شەش بڵاویکردووەتەوە، تەرمی 82 قوربانیش دۆزراوەتەوە.
ڕاپۆرتەکەی ڕانا سەنائۆڵا خان بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە یەکەم لێدوانی فەرمی دەسەڵاتدارانی پاکستانە سەبارەت بە ژمارەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە کە لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەستداوە.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ژمارەی زۆری هاووڵاتیانی پاکستانی لەنێو ئەو کەشتییەدا، حکومەتی پاکستان دەستیکردووە بە گەڕان و دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. پۆلیسی ئەو وڵاتە تاکو ئێستا 17 تۆمەتباریان لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا دەستگیرکردووە.
کاربەدەستانی داد و پۆلیسی پاکستان دەڵێن قوربانیانی ئەو ڕووداوە کە بەنیازبوون بە مەبەستی هەلی کار بچنە ئەوروپا، لە نێوان "پێنج بۆ هەشت هەزار دۆلار"یان داوە بە قاچاخچییەکان.
شایانی باسە کە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسیش چەند ڕۆژ پیش ئیستا بڵاویکردەوە کە زیاتر لە 120 کەسی سەر بەلەمەکە خەڵکی سوریا بوون، لە نێویاندا 35 کەسیان خەڵکی کۆبانین.
لە هەمان کاتدا حکومەتی یۆنان بە هۆی خاوبوونی لە وەڵامی ئەو ڕووداوەدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند ىووەتەوە. پاسەوانی کەناراوەکانی ئەو وڵاتە تۆمەتبارن بەوەی چەند کاتژمێرێک پێش نوقمبوونی کەشتییەکە چاودێریی کەشتییەکەیان کردووە و سەرەڕای ئەوەی بەڵگەی پێویستیان لەسەر بارودۆخی مەترسیداری ئەو کەشتییە هەبووە، بەڵام پێش وەرگەڕانی کەشتییەکە هیچ هەنگاوێکیان بۆ ڕزگارکردنی سەرنشینەکان نەناوە.
ئاژانسی پاسەوانی سنوور و و کەنارەکانی ئەوروپا Frontex چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیوبووی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 102 هەزار حاڵەتی پەڕێنەوەی نایاسایی سنوورەکانی ئەوروپا تۆمارکراوە کە زیاتر لە 50 هەزار حاڵەتی تەنیا لە باکوری ئەفریکاوە بووە.
ڕۆیتەرز