ڕۆژێک دوای بەرزبوونەوەی ڕێژەی قازانجی بانکی لە تورکیا، بەهای دراوی نیشتمانی وڵاتەکە نەک هەر بەهێزتر نەبووە، بەڵکو بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان لە ڕۆژی هەینی، 23ی مانگی شەش بە دابەزینی 6.5% گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی.
هێشتا ڕوون نییە بۆچی سەرەڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەی قازانجی بانکی، بەهای لیرەی تورکی کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا جێگیر بووبوو، لەناکاو دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بانکی ناوەندی تورکیا لە ساڵی 2021دا ڕێژەی سوودی بانکی لە 19% بۆ 8.5% کەمکردەوە و لەو کاتەوە پێداگری حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە دابەزاندنی ڕێژەی قازانجی بانکی بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرەی تورکی.
لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا، یەک دۆلاری ئەمەریکا بە کەمتر لە 9 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام لەوەتای بەهای دراوی نیشتمانی تورکیا ڕەوتێکی دابەزینی دەستپێکروە، دوو هەفتە لەمەوبەر هەر دۆلارێکی ئەمەریکا بە 23 لیرە مامەڵەی پێوەکراوە.
ئێستا هەر دۆلارێکی ئەمەریکا لە سەرووی 25 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت کە بە بەراورد بە ڕۆژی پێشوو گەشەی 6.5% نیشان دەدات.
شارەزایان چەندین جار هۆشدارییان داوە کە لەگەڵ بەردەوامبوونی سیاسەتی راگرتنی ڕێژەی قازانجی بانکی لە ئاستی نزمدا، بەهای لیرە لە دابەزین بەردەوام دەبێت.
ئەردۆغان لە کابینە نوێیەکەیدا، غایا ئەرکان کە ئەزموونی کارکردنی لە پۆستە باڵاکانی کۆمپانیا گەورەکانی دارایی و بانکی ئەمەریکا هەیە، وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی هەڵبژاردووە.
بانکی ناوەندی تورکیا بە سەرکردایەتی ئەرکان، ڕۆژی پێنجشەممە، 22ی مانگی شەش، ڕێژەی قازانجی بانکی لە 8.5% بۆ 15% بەرزکردەوە و ڕایگەیاند لە داهاتوودا ئەم ڕێژەیە دووبارە بەرز دەبێتەوە.
شارەزایان پێیان وایە بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسانی زۆر بەرزی تورکیا کە لە ئەنجامی دابەزینی بەرچاوی بەهای لیرە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا دروست بووە، پێدەچێت بەرزبوونەوەی ڕێژەی قازانجی بانکی بۆ 15% زۆر کەمتر بووبێت لەوەی بازاڕ چاوەڕێی کردووە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز