Accessibility links

هێشتا سەدان کەس بێسەروشوێنن لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمە گەورەکەی کۆچبەران لە نزیک یۆنان


ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران IOM دەڵێت هەتا ئێستا 104 ڕزگارکراون لەو بەلەمە گەورەیەی سەدان کۆچبەری هەڵگرتبوو و ڕۆژی چوارشەممە لە نزیک کەنارەکانی باشوری یۆنان هەڵگرایەوە و نوقم بوو.

ڕێکخراوەکە ڕۆژی هەینی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد تەرمی 78 کەسیش دۆزراونەتەوە، دەڵێت ڕوون نییە بە تەواوی چەند کەس لە بەلەمەکەدا بوون، بەڵام مەزەندە دەکرێت لە نێوان 400 هەتا 750 کەسی تێدابووبێت.


ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس دەڵێت زیاتر لە 120 کەسی سەر بەلەمەکە خەڵکی سوریا بوون، لە نێویاندا 35 کەسیان خەڵکی کۆبانین.

بەپێی ڕاپۆرتەکان بەلەمەکە لە ڕۆژی سێشەممەوە ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە و هەتا ڕۆژی دواتر لە شوێنێکی دەریای ناوەڕاست نوقم بووە کە بە قوڵترین شوێنی دەریاکە دادەنرێت.

بەلەمەکە بەر لەوەی وەرگەڕێت و نوقمی ئاوی دەریا ببێت، ڕۆژی چوارشەممە 14 ی مانگی شەشی 2023
بەلەمەکە بەر لەوەی وەرگەڕێت و نوقمی ئاوی دەریا ببێت، ڕۆژی چوارشەممە 14 ی مانگی شەشی 2023

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن بەلەمەکە لە کەنارەکانی میسرەوە دەرچووە بەرەو کەنارەکانی لیبیا لە نزیک شاری توبرق، پاشان لە 10 ی مانگی شەش، خەڵکەکەی سوارکردووە. بە وتەی ئەو کەسانەی ڕزگاریان بووە، هەریەکەیان 4500 دۆلاری لێوەرگیراوە بۆ ئەوەی ببرێت بۆ ئیتالیا.

ڕێکخراوی خێرخوازی ئالارم فۆنی ئەوروپایی دەڵێت لە 13 ی مانگەوە هەردوو ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە یۆنان و تورکیا لەگەڵ کاربەدەستانی یۆنان بە ئیمەیڵ ئاگادارکراونەتەوە لەوەی بەلەمەکە کە منداڵی ساواشی تێدایە، لە چ شوێنێکی دەریادایە و سەرنشینانی داوای یارمەتی بە پەلە دەکەن.

کاربەدەستانی یۆنان دەڵێن بە کۆچبەرانی سەر بەلەمەکەیان وتووە با یارمەتیتان بدەین، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردووەتەوە و وتوویانە "نەخێر بەرەو ئیتالیا دەڕۆین". یۆنانییەکان دەڵێن بۆ ماوەی 15 کاتژمێر چاودێری بەلەمەکەیان کردبوو بەر لەوەی نوقمببێت. دەڵێن ڕۆژێک پێشتر لەلایەن ئیتالیاوە لە شوێنی بەلەمەکە ئاگادارکرابوونەوە.

لە پەیوەست بە ڕووداوەکە، دەسەڵاتدارانی یۆنان شەوی پێنجشەممە 9 کەسیان دەستگیرکرد کە زۆربەیان میسرین. دەستگیرکراوەکان تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و "کوشتنی بەبێ مەبەست" لە ئەنجامی کەمتەرخەمی کە بووە هۆی نوقمبوونی بەلەمەکە.

فادی کە خەڵکی سوریایە و لە هۆڵەندا دەژی، محەمەدی برای لە نێو ڕزگاربووەکان لە بەندەری کالاماتای یۆنان دۆزیەوە، ڕۆژی هەینی 16 ی مانگی شەشی 2023
فادی کە خەڵکی سوریایە و لە هۆڵەندا دەژی، محەمەدی برای لە نێو ڕزگاربووەکان لە بەندەری کالاماتای یۆنان دۆزیەوە، ڕۆژی هەینی 16 ی مانگی شەشی 2023

ئەو 104 کەسەی ڕزگارکراون ڕۆژی هەینی بە پاس گواسترانەوە بۆ کەمپی مالاکاسای نزیک ئەسینای پایتەخت.

ئاژانسی پاسەوانی سنوور و و کەنارەکانی ئەوروپا Frontex ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی لەوەتای سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 102 هەزار حاڵەتی پەڕێنەوەی نایاسایی سنوورەکانی ئەوروپا تۆمارکراوە، زیاتر لە 50 هەزار حاڵەتی تەنیا لە باکوری ئەفریکاوە بووە.

بەشێک لە زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە لە ئاژانسەکانی هەواڵی ڕۆیتەرز و فڕانس پرێس وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG