ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە داتاکانی کەشتیوانی و سەرچاوەیەکی ئاگاداری دیکە ڕایانگەیاندووە کە هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران، سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئەوە وڵاتە، لەوەتای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.
بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی کپڵێر(Kpler) کە چاودێری داتاکانی گواستنەوەی نەوت دەکات، هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە مانگی پێنجدا یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا تێپەڕاندووە کە بەرزترین ڕێژەی مانگانەیە لە ساڵی 2018ەوە.
ڕاپۆرتەکە نووسیوێتی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە ساڵی 2018، پێش کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بووە.
ئێران لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا ڕایگەیاند بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ سەرووی 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزکردووەتەوە. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، ئەم بڕە نزیکەی 3%ی هەناردەی نەوتی جیهانە و بەرزترین ڕێژەشە لە ساڵی 2018ەوە.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەش هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە مانگی پێنجدا نزیک بووەتەوە لە ٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە نزیکە لەو ڕێژەیە کە خوودی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە فەرمی ڕایانگەیاندووە.
زیادبوونی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە کاتێکدایە کە ئۆپێک پڵاس کە ئۆپێک و ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی دیکەی لەخۆدەگرێت، بۆ پاڵپشتیکردنی بازاڕی نەوت، بڕیارە بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.
سارا وەخشوری لە دامەزراوەی سی ڤی بی کە پێشتر ڕایگەیاندبوو دامەزراوەی بایدن هیچ ڕێوشوێنێکی جددی لە دژی هەناردەکردنی نەوتی ئێران ناگرێتە بەر، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە سزاکان لە شوێنی خۆیانن "بەڵام ڕەنگە بە تەواوی جێبەجێ نەکرێن و چاودێری نەکرێن".
بەگوێرەی قسەی شرۆڤەکاران و داتاکانی گواستنەوە، هەرچەندە چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە، بەڵام بەشێک لەو نەوتە بۆ سوریا و ڤەنزوێلاش دەڕوات.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز