Accessibility links

ئێران و پژاک "بە چڕی" ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە


لە ناوچە سنوریەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، شەڕ لە نێوان هێزەکانی پژاک و ڕژێمی ئێران دەستیپێکردووە و بە پێی سەرچاوە ئاگادارەکان سەربازێکی ئێرانی کوژراوە و لە ئێستاشدا شەڕ بەردەوامە.

شەڕەکە لە کاتێکدا بووە ئێران هێزێکی زۆری هێناوەتە ئەو سنورانە، خەریکی دروستکردنی ڕەبایە و بنکەی سەربازی بووە. بەڵام هێزەکانی پژاک ڕێگریان کردووە و بە هۆیەوە شەڕ ڕوویداوە و سەربازێکی ئێران کوژراوە.

لەو بارەیەوە ئەرسەلان یار ئەحمەدی وتەبێژتی ڕێکخراوی هەنگاو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "شەڕەکە لە دوێنێوە دەستیپێکردووە، تیایدا سەربازێکی ئێرانی کوژراووە. ئەمڕۆش لە سەعات 12ی نیوەڕۆوە [بەکاتی هەولێر] پێکدادانەکە بە چڕی دەستی پێکردۆتەوە و ئێران سنورەکە تۆپباران دەکات، بۆ ئەمەش سودی لە درۆنی خۆکوژ وەرگرتووە."

وتیشی"ئێران لەگەڵ هێزدا گرێدەرو شۆفڵ و ئامێری چاککردنی ڕێگەو بانی ‌هێناوە، دەیەوێت لەسەر شاخەکان ڕەبایەی نوێ لێبدات و پژاک ڕێگەی نەداوە ڕەبایە لێبدەن بۆیە شەڕ دروستبووە. لە سنورەکانی پیرانشار و بانە و سەردەشتیش هێزیان هێناوە، بە تایبەت لە مەریوان هێزێکی زۆر هێنراوە بە چەک و تەقەمەنیەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە و لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "سەرباری ئەوەی لە بەرامبەر دەوڵەتی ئێراندا لە دۆخی بێ چالاکیداین، بەڵام هێرشی داگیرگەری ئێران بەشێوەی جیاجیا بۆ سەر هێزەکانمان بەردەوامە. لە ئەنجامی پێكدادانێکدا سەربازێکی ئێران کوژراوە و تا ئێستا هیچ زیانێک بەر ‌هێزەکانمان نەکەوتووە."

دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی کرد بە ڕێکخستنەکانی پژاکەوە. ئەندامێکی ئەو حزبە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت زانیاریەکانی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردوەوەو ڕایگەیاند "لە ئێستادا شەڕ بەردەوامە."

XS
SM
MD
LG