Accessibility links

ئەمەریکا تاقیکردنەوەی چاندنی نیورالینک لە مێشکی مرۆڤدا پەسەند دەکات


کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ئەمەریکایی Neuralink ڕەزامەندی حکومەتی ئەمەریکای وەرگرتووە بۆ تاقیکردنەوەی چاندنی ئامێرەکەی لە مێشکی مرۆڤدا.

ڕەزامەندییەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان(FDA) وە دراوە.

کۆمپانیای نیورالینک دەڵێت ڕەزامەندیەکە ڕێگە بە کۆمپانیاکە دەدات بەرنامەی پشکنینی فراوانتر بکات کە ئێستای لەسەر ئاژەڵەکان دەکرێت.

کۆمپانیاکەی ملیاردێری ئەمریکی ئیلۆن ماسک خاوەندارێتی دەکات. هەروەها خاوەنی چەندین کۆمپانیای ترە لەوانە تێسلا و سپەیس ئێکس و تویتەر.

ئامێرەکە بە قەبارەی پارەی ئاسنە بە شێوەیەک دروستکراوە کە لەناو کەللەسەردا دابنرێت. بە وایەری بچووک ڕاستەوخۆ بە مێشکەوە دەبەسترێتەوە. ئامیرەکە کۆمپیوتەرێکی بچووکی تێدایە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ مێشکدا دروستکراوە. ئەمەش ڕێگەی پێدەدات کۆنتڕۆڵی کارەکانی جەستە بکات.

کۆمپانیای نیورالینک ڕایگەیاند ئەم تەکنەلۆجیایە دروستکراوە بۆ چارەسەرکردنی تێکچوونی مێشک و یارمەتیدانی قوربانیانی برینداربوونی بڕبڕەی پشت بۆ گەڕاندنەوەی جوڵەی جەستەیان. هەروەها لەوانەیە بتوانێت یارمەتی نابیناکان بدات کە جارێکی تر ببیننەوە.

ماسک ڕایگەیاند پێی وایە دەتوانرێت ئەم ئامێرە بۆ باشترکردنی زیرەکیش بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی یارمەتی مرۆڤ بدات کە لەگەڵ سوپەر کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد (AI) دا بگونجێت.

نیورالینک لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، ڕەزامەندی FDA "یەکەم هەنگاوی گرنگە" بۆ ئەو تەکنەلۆژیایە.

نیورالینک لە تویتەر ڕایگەیاند "ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە هاوبەشی دەکەین و ڕەزامەندی FDA مان وەرگرتووە بۆ دەستپێکردنی توێژینەوەی کلینیکی یەکەممان لە سەر مرۆڤ".

کۆمپانیای نیورالینک دەشلێت هێشتا دەستیان بە پرۆسەی هەڵبژاردنی مرۆڤەکان نەکردووە بۆ تاقیکردنەوەی چاندنەکان لەسەریاندا.

ماسک لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردوودا لە میانەی پێشکەشکردنێکدا باسی لەم تەکنەلۆژیایە کرد. وتی کۆمپانیاکە "زۆر کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ یەکەم چاندن لەمرۆڤدا. هەروەها ووتیشی کۆمپانیاکە ویستویەتی "زۆر بە ئاگابێت" و دڵنیابێت لەوەی چاندنەکە بە باشی کاردەکات پێش ئەوەی ئامێرێک بخاتە میشکی مرۆڤەوە".

لە میانەی پێشکەشکردنەکەدا، کۆمپانیای نیورالینک چەند مەیموونێکی نیشان دا کە "یاری" ڤیدیۆیی سادە دەکەن و کۆمپیوتەرێک بە بەکارهێنانی چاندنی نیورالینک کۆنتڕۆڵ دەکەن، هەروەها کۆمپانیاکە ئامێرەکەی لەسەر بەراز و مەڕدا تاقیکردۆتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتی تاقیکردنەوەکانی کۆمپانیاکە لەسەر ئاژەڵان لە ڕابردوودا بڵاوکردەوە. بەشێک لە کارمەندانی کۆمپانیای نۆرالینک ساڵی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندبوو کە کۆمپانیاکە لە تاقیکردنەوەکانی ئاژەڵدا هەڵەی کردووە. ووتیشیان، هەڵەکان بەهۆی پەلەکردن لە پرۆسەکەدا بوە. کارمەندان دەڵێن، ئەمەش بووە هۆی مردنی ئاژەڵ زیاتر لە پێویست.

کارمەندانی کۆمپانیای نیورالینک بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، کۆمپانیاکە چاندنەکەی لەسەر ئاژەڵان تاقیکردووەتەوە بەو هیوایەی زانیاری بەرهەمبهێنێت کە یارمەتی کۆمپانیاکە بدات بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی FDA بۆ تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە لە یەکێک لە حاڵەتەکانی ساڵی 2021 کۆمپانیاکە لە کۆی 60 بەراز 25 بەرازی بە ئامێری قەبارەی هەڵە چاندووە. دواتر هەموو بەرازەکان کوژراون. کارمەندان بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، بە ئامادەکاریی زیاتر دەتوانرا بە ئاسانی خۆیان لەو جۆرە هەڵانە بەدوور بگرن.

ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ڕاپۆرتەکانی پەیوەندییان بە هەردوو کۆمپانیای نیورالینک و ماسکەوە کردووە. هیچیان وەڵامی داواکارییەکانیان نەداوەتەوە.

ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بەجیا بەدوادا چوون لەسەر نێورالینک دەکات. لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتەکە سەنگی دەخاتە سەر ئایا کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی نایاسایی پێشێلکاری مەترسیداری کردوە لەکاتی دەرهێنانی ئەو ئامێرانە لە مێشکی مەیموونەکان بەبێ ئەوەی ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ خۆ بەدورگرتن پەیڕەو بکات؟.

ئاژانسەکەی هەواڵ ڕایگەیاندووە، هەروەها نیورالینک لەژێر لێکۆڵینەوەدایە لەلایەن نووسینگەی پشکنەری گشتی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا .(USDA)

ئەو لێکۆڵینەوەیە سەیری ئەگەری پێشێلکارییەکانی چاودێری ئاژەڵان و سەرپەرشتی USDA دەکات لەسەر کۆمپانیای نیورالینک.

هەروەها چەند کۆمپانیایەکی تریش کار لەسەر ئەو ئامێرانە کاردەکەن کە مێشک بە کۆمپیوتەرەوە ببەستنەوە. یەکێک لەوانە کۆمپانیای Synchronـە بنکە لە نیویۆرک. لە مانگی 7دا ڕایگەیاند یەکەم چاندنی بەستنەوەی مێشک بە کۆمپیوتەرەوە کە پێی دەوترێت ئینتەرفەیس لە مرۆڤێکدا ئانجامداوە.

ڕاجیش ڕاو هاوسەرۆکی بەڕێوەبەری سەنتەری تەکنەلۆژیای هەستە دەمار لە زانکۆی واشنتۆن. دوای پێشکەشکردنەکەی ماسک لە ساڵی ڕابردوودا، ڕاو وتی باوەڕ ناکات کۆمپانیای نیورالینک لە پێش کۆمپانیاکانی دیکەوە بێت لە پەرەپێدانی ڕووکارەکانی مێشک و کۆمپیوتەر. بەڵام وتی پێی وایە کۆمپانیاکە "تەواو لە پێشەوەیە" لە پەرەپێدانی ئامێرەکان.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG