Accessibility links

بەشار ئەسەد پرسی ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی

دوای مانگێک لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئوردن بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ سوریا و کوژرانی بازرگانییەکی گەورەی ماددە هۆشبەرەکان، بەرپرسێکی سەربازی پێشووی ئوردنی ڕایدەگەیەنێت کە سەرۆکی سوریا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ کۆتایهێنان بە پشتیوانی سوریا بۆ باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.

سعود ئەلشەرافت، بەرپرسێکی باڵای پێشووی دامەزراوەی هەواڵگری ئوردن بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ڕاگەیاندووە کە بە ڕەزامەندی بەشار ئەسەد بووە کە مەرعی ئەلڕەمتان، قاچاخچی ژمارە یەک لە سوریا کوژراوە.

مەرعی ئەلڕەمتان کە گومانی گواستنەوەی پارەی ماددە هۆشبەرەکانی بۆ حزبوڵای لوبنان لەسەر بوو، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لەگەڵ هاوسەرەکەی و شەش منداڵەکەی کۆژرا.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، رێگای دەربازبوونی خۆی لە دۆخی پشێوی ئێستای لە ماددە هۆشبەرەکاندا دۆزیوەتەوە.

مادەی هۆشبەری "کاپتاگۆن" کە سەر بە بنەماڵەی ئەمفیتامینە، بازاڕێکی گەورەی هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ماددە هۆشبەرەکانی ئەمفیتامین- سوریا
ماددە هۆشبەرەکانی ئەمفیتامین- سوریا

ئەو ئاژانسە هەواڵییە نووسیوێتی بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، سەدان ملیۆن حەبی کاپتاگۆن لە ڕێگەی سوریاوە بە قاچاخ بۆ ئوردن و عێراق و سعودیە ڕەوانە کراون.

لەم دواییانەدا سعودیە بارێکی گەورەی ئەو حەبانەی دۆزیەوە کە لەناو پرتەقاڵی پلاستیکی و هەناردا جێگیرکرابوون.

شرۆڤەکاران دەڵێن ئەسەد هیوادارە لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی سنووردارکردنی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە پێگەیەک لە ناوچەکەدا بەدەستبهێنێت و تەنانەت ڕەنگە سوود لە هاوکارییەکانی دراوسێکانیشی وەربگرێت بۆ کۆتاییهێنان بە سزاکانی ڕۆژئاوا.

زۆربەی حەبی "کاپتاگۆن" لە سوریا بەرهەم دێت، بەڵام لوبنانیش یەکێکە لە بەرهەمهێنەرانی دیکەی ئەو مادەی هۆشبەرە.

ئەمەریکا و بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی و هاوپەیمانەکانی لە نێویاندا حزبوڵای لوبنان بە ئاسانکاری بۆ ئەم بازرگانییە تۆمەتبار دەکەن. سوریا و حزبوڵا ئەم تۆمەتانەیان ڕەتکردۆتەوە.

یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا پێشتر سزایان بەسەر دوو ئامۆزای بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا و دوو هاوڵاتی لوبنانی و دەیان کەسی دیکەیان سەپاندووە بەهۆی تێوەگلانیان لە "ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە".

ڕۆژئاواییەکان دەڵێن ماددە هۆشبەرەکان بوون بە ڕێگەی ڕزگاری بۆ ڕژێمی ئەسەد بۆ دەربازبوونی لە قەیرانە ئابوورییە داڕوخاوەکەی.

بەشێک لەم هەواڵە لە ئەسۆشیەیتد پرێس وەرگیراوە

This item is part of
XS
SM
MD
LG