Accessibility links

سکرتێری گشتی ناتۆداوا لە تورکیا دەکات ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەسەند بکات


یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ ڕۆژی یەکشەممە داوای لە ئانکەرە کرد کۆتاییبهێنێت بە دژایەتیکردنی هەوڵەکانی سوید بۆ پەیوەندیکردن بە هاوپەیمانی ناتۆ بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بەو هیوایەی پەیوەستبوونی ستۆکهۆڵم "بە زووترین کات" کۆتایی پێبهێنرێت.

گوشارەکان لەسەر ئەردۆغان زیاتر دەبن بۆ ئەوەی قائیل بێت بە پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پێش بەڕێوەچوونی لوتکەیەک کە پلانی بۆ دانراوە لە مانگی حوت لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا ئەنجام بدرێت.

ستۆڵتنبێرگ دوای دیداری لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تازە دەستبەکاربوو کە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بوو، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند " ڕاستە ئەم ئەندامێتییە دەبێتە هۆی پارێزراوترکردنی سوید، بەڵام ناتۆ و تورکیاش بەهێزتر دەکات."

ئەوگوتیشی " هیوادارم بە زووترین کات پەیوەستبوونی سوید (بە ناتۆوە) بە ئەنجام بگەیەنم."

ڕۆژی شەممە ستۆڵتنبێرگ بەشداری لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی ئەردۆغان کرد کە بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێردرایەوە، لە مەراسیمێکدا کە دەیان سەرکردەی جیهان لە ئانکەرەی پایتەخت بەشدارییان کرد.

تورکیا ئەندامی ناتۆ پرۆسەی وەرگرتنی سویدی لە هاوپەیمانی ناتۆدا درێژکردەوە ئەو و هەنگاریا تاکە دوو وڵاتی ئەندامی ناتۆن کە تا ئێستا پێشنیاری ئەندامێتی ناتۆیان پەسەند نەکردووە.

سوید و فینلاند دەیان ساڵە خۆیان لە لایەنگری سەربازی پاراستووە بەڵام پاش هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داواکارییان پێشکەش کرد بۆ بەشداریکردن لە هاوپەیمانییەکە.

XS
SM
MD
LG