Accessibility links

عێراق هاوردەکردنی 9 بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئێرانەوە قەدەغە دەکات


ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە عێراق هاوردەکردنی 9 بەرهەمی کشتوکاڵی ئێرانی بۆ ناو ئەو وڵاتە قەدەغە کردووە.

بەپێی نامەیەکی ئەو ڕێکخراوەیە کە بۆ ژووری بازرگانی تارانی ناردووە، عێراق هاوردەکردنی تەماتە، پەتاتە، خەیار، پیاز، کوولەکە، باینجان، شووتی، کاڵەک و بامیەی لە ئێرانەوە بە شێوەیەکی کاتی قەدەغە کردووە.

میدیاکانی ئێران ڕۆژی شەممە 3ی مانگی شەش لە زاری عەبدولئەمیر ڕەبیهاوی ڕاوێژکاری بازرگانی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو ئاگادارییە بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئەو 9 بەرهەمە لە لایەن نووسینگەی فواد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە.

لە نامەکەی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێراندا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم بڕیارە لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی ئابووری ئەو وڵاتەوە پەسەند کراوە، ئەمەش بە هۆی زۆربوونی بەرهەمە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەوە.

ئامارە گومرگییەکان دەریدەخەن کە ئێران 90%ی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی خۆی هەناردەی وڵاتانی دراوسێ دەکات و یەک لەسەر سێی بەرهەمەکانیشی بۆ عێراق دەڕوات.

عێراق کە لە ساڵانی ڕابردوودا ساڵانە کڕیاری زیاتر لە سێ ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی ئێران بووە، چەندین جار هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لەو وڵاتەوە بە هۆکاری جۆراوجۆر قەدەغە کردووە.

سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG