Accessibility links

بۆچی حکومەتی هەرێم تا ئێستا بێدەنگە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی


بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ "نادەستوری" ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە زەمینلەرزەیەکی سیاسی و ڕووداوێکی میژوویی لەسەر چارەنووسی قەوارەی هەرێمی کوردستان دادەندرێت. بەڵام دوای چەندین ڕۆژ لە دەرکردنی بڕیارەکە، سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەرێم تا ئێستا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

دەنگی ئەمەریکا بۆ زانینی هەڵوێستی دەزگا فەرمییەکانی هەرێم لەسەر بڕیارەکەی ڕۆژی 30/5/2023ی داگای فیدڕاڵی پەیوەندی بە چەندین بەرپرسی حکومی و حزبی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام هیچیان ئامادەنەبوون لەسەر ئەو پرسە لێدوان بدەن.

جوتیار عادل، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژێک دوای بڕیارەکەی داگای فیدڕاڵێ عێراق ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە بەبێ هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ بە بڕیارەکە.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێم تەنها وتویەتی "وەک حکومەتی هەرێمی و سەرۆکی حکومەتیش، ئامانج ئەوەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. بۆیە داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، پاڵپشتیی بڕیاری سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا. ئەوە سیاسەتی حکومەتی هەرێمە؛ چونکە هەڵبژاردن تاکە ڕێگەیە بۆ نوێکردنەوەى شەرعییەتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و پێشخستنی حوکمڕانیی باش.''

هەندێک لە چاودێرانی سیاسی هەرێمی کوردستان دەڵێن شیانی هەیە بەرپرسانی هەرێم بێدەنگی وەک باشترین بژاردە بزانن چونکە مەترسییان هەیە لە ئەگەری زیاتر ئاڵۆزبوونی پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە کاتێکدا کە هیوایەکی زۆریان لەسەر ڕێکەوتنی هەردوولا هەڵچنیوە لە پەیوەست بە بابەتەکانی نەوت و ناردنی بودجەی هەرێم.

کاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی زانستە سیاسیەکان، لەم بارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێستا دەستەڵاتدارانی هەرێم تێگەیشتنێکی تریان هەیە لە خۆیان، وە تێگەیشتنیشیان هەیە کە بەغدا بەغداکەی جاران نەماوە."

سالار مەحمود چاودێری سیاسی، پێیوایە یەکێتی و پارتی لە جەوهەردا نیگەرانن لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ نادەستوری ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، چونکە هەردوولایان پێکەوە تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە و بڕیارەکەش کاریگەری لەسەر پێگەی دەستوری هەرێم دەبێت. ئەو چاودێرە دەڵیت یەکێتی و پارتی دەبێت بیر لەوە بکەنەوە بڕیارەکە چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.

چارەنوسی هەڵبژاردنەکان

سالار مەحمود، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یاسای ئێستای هەڵبژاردن و مانەوەی یەک بازنەیی و کورسی پێکهاتەکان لە قازانجی پارتی و زیانی یەکێتییە، بەڵام سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی عێراقەوە بە قازانجی یەکێتی و زەرەری پارتییە."

دوای نادەستوری ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵی و هەڵپەساردنی گفتووگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، هێشتا ڕوون نییە یەکێتی و پارتی چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن.

مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەند کاتژمێرێکی کەم دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە ڕوونکردنەوەکەیدا داوایکرد "هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و رێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد."

یەکیتیش لە نوێترین پەیامیدا دوای بڕیارەکە، دوێنێ، بەبۆنەی 48 ساڵەی یادی دامەزراندنی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "بەبێ یەکێتی، هیچ پر‌ۆسەیەک لە عێراق و له ‌کوردستانیش سەرناگرێت."

مەیادە نەجار، کادیری پێشکەوتووی پارتی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ڕەتیکردەوە پارتی نەرمی بەرامبەر بڕیارەکەی دادگا نواندنبێت. بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بڕیارەکە یەکلایی کەرەوەیە و گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن گێڕایەوە خاڵی سەرەتا، بەڵام هەڵبژاردن بە یاسا کۆنەکە ئەنجام دەدرێت."

"یاسا کۆنەکە"

یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کە بە "یاسا کۆنەکە" ناسراوە، تا ئێستا حەوت جار هەموار کراوەتەوە. یەکێتی و پارتی لە گفتووگۆدابوون تا بۆ جاری هەشتەم هەمواری بکەنەوە و جیاوازی توند لە نیوانیاندابوو لەسەر هەندێ بڕگەی یاساکە، بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە رێگر لە بەردەم هەموارکردنەوەیدا.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردنە، کورسی کۆتاکانیش کە 11 کورسییە بە هەمان شێوە بە شێوەی یەک بازنەیی ئەنجام دەدرێت، هەروەها تۆماری دەنگدەرانی هەرێمیش دەکرێتە بنەمای هەڵبژاردن.

مەیادە نەجار، دەڵێت، "هەڵبژاردن بە هەر یاسایەک ئەنجام بدرێت، وەکو پارتی لاریمان نییەو زۆرینە دەهێنین. بەڵام بڕیارەکەی دادگا ڕووی لایەنەکانی تری ئاشکرا کرد؛ دژی هەڵبژاردن بوون و پارتییان تۆمەتبار دەکرد."

بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێ، بەڵام بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم و تێچووی هەڵبژاردنەکەش لە ئەستۆی هەرێم دەبێت.

مەیاد نەجار وتی، "پارتی گرفتی نییە هەر کۆمیسیۆنێک سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات، چونکە شەقام لەگەڵمانە و جەماوەرمان زیادیکردووە، هەر کاتیش هەڵبژاردن بکرێت ئامادەین."

یەکێتی کە داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی دەکرد، لەگەڵ گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن دا بوو لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی و دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن، هەروەها داواشیدەکرد تۆماری دەنگدەرانی عێراق بکرێتە بنەمای ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانکاری یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "یاسای هەڵبژاردن یاسایەکی کۆن و خراپە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاک و بێگەر پێویستی بەهەموارکردنەوەی یاساکە هەبوو، بۆیە هەوڵماندا سازانی نیشتمانی دروست بکەین و یاساکە هەموار بکرێتەوە."

هەروەها وتیشی،"جگە لە کورسی پێکهاتەکان، لەگەڵ پارتی لەسەر زۆر خاڵ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن ڕێککەوتین، بەڵام بڕیارەکەی دادگا هات بەسەریدا."

سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کە ئەنجامی گفتوگۆکانیانی لەگەڵ پارتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن گێڕایەوە خاڵی سەرەتا، زیاد جەبار وتی"دادگا بریاری دەرکردووە، چاوەڕێین بزانین بارودۆخەکە بۆ کوێ دەڕوات."


XS
SM
MD
LG