Accessibility links

سکرتێری ناتۆ: بەم نزیکانە سەردانی تورکیا دەکەم بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ


یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ
یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ

سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت لەم نزیکانە سەردانی ئەنکەرە دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرسی پەسەندکردنی سوید لە ناتۆدا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە بە سەرۆکی تورکیا هەڵبژێردرایەوە.

یەنس ستۆڵتنبێرگ ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئەوەی ڕاگەیاند و وتی "دڵنیام لەوەی سوید دەبێتە ئەندام، وە بۆ ئەوە کاردەکەین هەتا بە زووترین کات ببێت."

باسی لەوەش کرد کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە تەلەفۆن لەم بارەیەوە قسەی لەگەڵ ئەردۆغان کردووە و جەختی کردووەتەوە کە گرنگە بەرەوپێشچوون هەبێت بە ئاڕاستەی ئەندامیبوونی سوید لە ناتۆدا.

تورکیا و هەنگاریا، تەنیا دوو وڵاتی ناتۆن کە هەتا ئێستا پەسەندیان نەکردووە سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ.

فینلاند کە هاوکات لەگەڵ سوید هەوڵی بە ئەندامبوونی لە ناتۆدا دا، لە مانگی چواری ئەمساڵەوە بە فەرمی ئەندامێتییەکەی پەسەندکرا.

حکومەتی تورکیا دەیەوێت خواستی سوید بۆ ئەندامیبوون لە ناتۆ بقۆزێتەوە بۆ نەهێشتنی نەیارانی لەو وڵاتە، لەوانە لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان و فەتحوڵا گوڵەن .

سوید لای خۆیەوە و لە زاری وەزیری دەرەوەی تۆبایس بیلسترۆم ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هەموو وابەستەییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە بە ئامانجی بوون بە ئەندامی ناتۆ ، داواشی لە تورکیا و هەنگاریا کرد ڕێگە بە وڵاتەکەی بدەن ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە، وتی"کاتی ئەوە هاتووە تورکیا و هەنگاریا دەستبکەن بە پرۆسەی پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ."

وتیشی یاسای نوێی سوید لە دژی تێرۆرزم ڕۆژی پێنجشەممە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک دوا هەنگاو لەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ تورکیا پێی گەیشتن لە ساڵی ڕابردوودا. هیوای خواست لە چەند هەفتەی داهاتوو کاتێک لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا کۆدەبێتەوە، هەنگاوی گەورەیان لێببنێت بە ئاڕاستەی پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ.

لە پاش هێرشی لەشکری ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سوید مەترسی هەیە ئەو شەڕە گەورە ببێت، بۆیە دەیەوێت هەرچۆنێک بێت بچێت ناو ناتۆ و لە ئەگەری هەر هێرشێکی ڕووسیا پارێزراو بێت.

سەرچاو/ بەشێک لە زانیارییەکان لە فڕانس پرێسەوە وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG