محەمەد ڕەزا فەرزین سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران، ڕۆژی سێشەممە لە تارانەوە بەرەو واشنتن بەڕێکەوت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی.
وردەکاری زیاتر لەسەر پلانەکان و هۆکاری گەشتەکە ئاشکرا نەکراوە.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە دوایین ڕاپۆرتیدا سەبارەت بە ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا ڕایگەیاندبوو ئێران بۆ دەربازبوون لە کورتهێنانی بودجەی ئەمساڵی وڵاتەکەی، پێویستی بەوەیە هەر بەرمیلە نەوتێک بە بڕی 352 دۆلار بفرۆشێت و لە
ساڵی داهاتووشدا پێویستی بەوەیە نرخەکە بگاتە 375 دۆلار، ئەمەش لە کاتێکدا کە نرخی ئێستای نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا نزیکەی70 دۆلارە.
ستیڤ هانکە، ئابووریناسێکی دیاری ئەمەریکایی و مامۆستای ئابووری لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە پێوەرەکانی دۆخی نالەباری وڵاتانی جیهان، ئێرانی لە ڕیزی "یەکەم 20 وڵاتی بەدبەخت" لە جیهاندا پۆلێن کردووە.
لە لایەکی دیکەوە ناوەندی لێکۆڵینەوەی پارلەمانی ئێران ڕاپۆرتێکی لەسەر خراپتربوونی هەژاری لە وڵاتەکەدا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بڵاو کردوەتەوە و نووسیوێتی 11 ملیۆن کەسی دیکە بۆ ژمارەی پێشووی ئەو کەسانە زیاد کراون کە لەژێر هێڵی هەژاریدا لە ئێران دەژین.