Accessibility links

ڕاگەیاندنەکانی ئێران: ئێران یەکێک لە نیگەرانییەکانی ڕێکخراوی چاودێری ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکانی چارەسەرکردووە


میدیاکانی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند، ئێران یەکێک لەو سێ دۆسیەی "چارەسەر" کردووە کە لەلایەن ڕێکخراوی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ئەگەری بەڵگە لێکدراونەتەوە لەسەر ئەوەی ئێران هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی ڕابردووی خۆی ڕانەگەیاندووە.

ئەم ڕاپۆرتانە لە کاتێکدا بڵاوکراوەتەوە کە تەنها چەند ڕۆژێک ماوە بۆ کۆبونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ پێداچوونەوە بە پێشکەوتنەکان لە چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانیانەی کە ماون.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندبوو شوێنەواری ماددە تیشکدەرەکانی لە سێ شوێنی ڕانەگەیەندراوی ئێران دۆزیوەتەوە ئەمەش گورزێک بو بۆ هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی نێوان تاران و زلهێزانی جیهان.

ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران بڵاویکردەوە، "لەگەڵ باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، دۆسیەی پەیوەندیدار بە یەکێک لە بنکەکانی کە لەلایەن ئاژانسەکەوە گومانی لێکراوە چارەسەرکراوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسەکە دەهێنێت سەبارەت بە یەکێک لەو سێ شوێنەی گوایە جێگای گومانە."

دامەزراوەی مەریوان لە شاری ئابادە لە باشووری پارێزگای فارس، یەکەمین لەو سێ شوێنەیە کە بەپێی پلانی کار کە ئێران و ئاژانس لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، چارەسەر دەکرێت.

دوو دامەزراوەکەی تریش وەرامین و تورقوزئابادە.

نیگەرانییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بەو شوێنانە یەکێکە لەو ئاستەنگانەی کە ماونەتەوە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، کە بەهۆی کشانەوەی یەکلایەنەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا بە چەقبەستوویی مایەوە.

ئاژانسی فارس هەروەها دەشڵێت ئێران نیگەرانییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە دۆزینەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا نزیک ئاستی پێویست بۆ کڵاوەی ئەتۆمی چارەسەر کردووە.

ئێران وتی پیتاندنی نمونەکە بۆ 83.7% پێدەچێت بەهۆی "هەڵاوسانی بەڕێکەوت" لە پرۆسەی پیتاندنەکەدا بێت چونکە هەرگیز دەستی نەکردووە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ زیاتر لە 60%، کە هێشتا زۆر کەمترە لەو 90%ەی کە پێویستە بۆ بۆمبی ئەتۆمی.

ئێران هەمیشە ڕەتیکردووەتەوە کە هیچ مەبەستێکی پەرەپێدانی توانای چەکی ئەتۆمی هەبێت و سورە لەسەر ئەوەی چالاکییەکانی بە تەواوی ئاشتیانەیە.

سەرچاوە: فرانس پریس


XS
SM
MD
LG