Accessibility links

پەیماننامەی لۆزان لە کۆنفرانسی لۆزاندا


كۆنفرانسی لۆزان
كۆنفرانسی لۆزان

نێوەند و کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد لە لۆزان-سویسرا کۆدەبنەوە بۆ تاووتوێکردنی ئەو هەلومەرجەی ئێستا کوردی تیادایە، پاش سەد ساڵ لە پەیماننامەی لۆزان.

ئەم کۆنفرانسە بە بەشداری ژمارەیەک کەسایەتی دیاری سیاسی دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.

لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەک بابەت وتووێژیان لەسەر کرا، لەوانە، ڕوانیینەکان چ جۆرە هەڵسەنگاندنێک دەکەن بۆ ئەو پەیماننامەیەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابەشکرد بەسەر چەند وڵاتێکدا. یەکێک لە بابەتەکانی تریش کە وتووێژی زۆری لەسەر کرا بریتی بوو لە کاریگەریی پەیماننامەی لۆزان لەسەر کورد و هەروەها ئایا ئێستاش چەندێک کاریگەریی هەیە بەسەر دۆزی کوردەوە. لەم کۆنفرانسە چەند ڕۆژییەدا پرسیارە سەرەکییەکە لەودا بوو ئایا کورد خۆی دەتوانێت چی بکات لە ئێستادا تا ڕێگەبگرێت لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی سەد ساڵ لەمەوبەر.

سیاسەتمەدارانی کورد وەک موستەفا هیجری، سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، مەلا بەختیار، لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هوشیار زێباری، لە پارتی دیموکراتی کوردستان، هەروەها عوسمان بایدەمیر، لە هەدەپە بەشداربوون لەو کۆنفرانسەدا.

مەلا بەختیار، لە وتارەکەیدا سەنگیی زیاتری خستە سەر تەوەرەکانی وەک کۆڵۆنیالیزم و کەمالیزم و هەروەهاش قۆناغی بەلشەویزم.

بەڕێز هیجری بە کورتی باسی لە مێژووی پەیماننامەی لۆزان کرد و جەختیشی کردەوە لەوەی "دەبێت کورد ئاوڕێک لە کارەکانی ڕابردووی خۆی بداتەوە و چەندێک کاریگەرییان هەبووە بەسەر زلهێزەکانی جیهانەوە کاتێک بڕیارە هەستیارەکان دەدەن." ئەڵبەت لە پەیوەندی بە نەتەوە و وڵاتانی تریشەوە.

سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوتیشی " خودی کورد خۆی هێندەی پەیماننامەی لۆزان، کوردی دابەشکردووە و هیچ وانەیەکیشی لەو پرۆسەی دابەشبوونە وەرنەگرتووە."

سەبارەت بە دۆسێی یەکگرتوویی کورد، بەڕێز هیجری ئاماژەی بە گرنگییەکانی یەکگرتوویی کرد و دەڵێت "یەکگرتوویی بەو مانایە نا هەموو لایەنە سیاسییەکان ببنە یەک لایەن. یەکگرتوویی یانی یەکتر قەبوڵ کردن و گوێگرتن لە ڕوانینە جیاوازەکان."

عوسمان بایدەمیر، ئەندامی باڵای هەدەپە وتارەکەی بە دەستەواژەی چارەسەرکردنی نەخۆشیی دەستپێکرد و دەڵێت " تا نەخۆشییەک چارەسەر بکرێت، ئەوا پێویستە ناوێکی بۆ دیاربکرێت."
بەڕێز بایدەمیر ئەو دەستەواژەیەی وەک ئاماژەکردنێک بە دۆسێی کورد و ئەو کێشانەی تا ئێستاش ڕووبەڕووی کورد دەبنەوە.

لەسەر گرنگی ئەم کۆنفرانسە، عوسمان بایدەمیر دەڵێت " ئەم کۆنفرانسە زۆر گرنگە چونکە دەبێت ئێمە ئەمڕۆ وەک کورد پێداچوونەوەی پیادا بکەین لەبەرئەوەی کورد لەمڕۆشدا ڕووبەڕووی زۆر کێشە بۆتەوە و هەر کە ناومان بۆ ئەو ئاڵنگاریانە دۆزییەوە، ئەوا دەتوانین چارەسەریشیان بۆ بدۆزینەوە."

بەڕێز بایدەمیر دەڵێت "هەر چوار پارچەکەی کوردستان نابێت بە وڵاتانی دراوسێ هەڵبخەڵەتێن، دەشێت نەتوانین تا یەک سەدەی تریش سنورەکان لابدەین، بەڵام دەبێت لە دڵ و لە هزری خۆماندا لایانبدەین."

هوشیار زێباری لە پارتی دیموکراتی کوردستان، بە گشتی لە وتارەکەیدا سەنگیی خستە سەر ڕابردوو و بە کورتی باسی لە ئایندە کرد.

لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڕێز زێباری دەڵێت "بڕیاری کردنی هەڵبژاردن لە ساڵی 1992دا بڕیارێکی تەواو کوردستانی بوو و هەموو وڵاتانیش دژی بڕیارەکە بوون، تەنانەت ئەوانەش کە پشتیوانییان لێدەکردین، بەڵام ئێمە خۆمان خستە بەر مەترسییەکان و بڕیارە ڕاست و دروستەکەماندا."

سەبارەت بە پرسی شەڕی ناوخۆ 1994-1998ی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد کە لە هەرێمەکەدا زۆر کێشەیان چارەسەر کردووە بە دۆسێی شەڕی ناوخۆشەوە و داوایەکیشی لە سیاسەتمەداران کرد وەک دەڵێت "ئەوەی ئێمە بونیاتمان ناوە، ئێوە وێرانی مەکەن؛ پێویستە کوردەکانی دیاسپۆرا بە چڕوپڕی کار بکەن تا کاریگەرییان هەبێت بەسەر سیاسەتەکانی ئەو وڵاتانەی تیایدا دەژین."

ڕوانینی گشتی لەم کۆنفرانسەی لۆزاندا، دەکرێت بگوترێت هاوڕاییەک هەبووە لەسەر ئەوەی دەبێت کورد لەناو خۆیاندا گوێ لە یەک بگرن و گرنگیش بدات بە ئایندە."

XS
SM
MD
LG