Accessibility links

ناکۆکی حزبی دام و دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی پەرتکردووە


پەرلەمانی هەرێم
پەرلەمانی هەرێم

ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دام و دەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستانی پەرتکردووە. پسپۆڕان هۆکاری ئەم پەرتبوونە بۆ ڕەنگدانەوەی حزب لەسەر جومگە هەستیارەکانی هەرێم دەگێڕنەوە.

دوای ئەوەی لەسەر کارا کردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، ناکۆکی لە نێوان فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لەپەرلەمان دروستبوو، دواجار ئەم ناکۆکییە سەریکێشا بۆ نێو ئەنجومەنی دادوەری و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش.

زانا رۆستایی شارەزای بواری یاسا، هۆکاری کێشە یاساییەکانی نێو پەرلەمان و دام و دەزگا فەرمییەکان بۆ نەبوونی دادگای دەستوری لە هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە، تا هاوشێوەی دادگای فیدراڵی عێراق لایەنە ناکۆکەکان بۆ یەکلایی کردنەوەی یاسایی بوون و یاسایی نەبوونی هەر هەنگاوێک پەنای بۆ بەرن.

زانا رۆستایی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند"کاتێک نوسراو بە واژۆی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و بە کڵێشای پەرلەمانەوە دەڕواتە ئەنجومەنی دادوەری و کۆمیسیۆن، ئەوان دەبێت جێبەجێی بکەن، بەڵام گەر دادگای دەستوری هەبایە، بڕیاری یەکلایی کەرەوەی لەبارەی رێوشوێنە ناکۆکی لەسەرەکان دەدا."

پارتی، کە بە دەنگی (58) پەرلەمانتار، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی کارا کردووەتەوە و نوسراوی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی بەواژۆی (هێمن هەورامی) جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، هەنگاوەکەی بەیاسایی ناودەبات.

لەبەرامبەردا، یەکێتی نیشتمانی کارا کردنەوەی کۆمیسیۆن ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، سەرۆکی پەرلەمان ئەو دانیشتنەکەی کۆتایی پێهێناوە کە پارتی بانگەشەی بۆ دەکات گوایە کۆمیسیۆنی تێدا کاراکراوەتەوە، رێواز فایەقی سەرۆکی پەرلەمانیش نوسراوی ئاراستەی دام و دەزگاکان کردووە و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ڕەتکردووەتەوە.

باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"لە هەموو دونیا کێشە بە یاساو دەستور یان بە عورف و شەرعیەت چارەسەر دەکرێت، پارتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی بۆ نەچووەتە سەر، ئەمە بووەتە گرێیەکی دەروونی لای و دەیەوێ بە هەنگاوی نایاسایی قەرەبووی بکاتەوە."

ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە پەرلەمانەوە نەوەستا، ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەندامانی کۆمیسیۆنەکەش هەبووە کە پێکهاتەکەی حزبییە و لە نۆ ئەندام پێکهاتووە: سێ ئەندامی پارتی، دووی یەکێتی، دووی گۆڕان، یەکی یەکگرتوو، یەکی کۆمەڵ.

لەکاتێکدا سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم کە لە پشکی پارتی پۆستەکەی وەرگرتووە جەخت لەسەر ئامادەکاریکردن بۆ هەڵبژاردن دەکاتەوە، بەڵام بەرپرسانی کۆمیسیۆنی سلێمانی لە پشکی یەکێتی هەر جۆرە ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن کۆمیسیۆن کارا نەکراوەتەوە.

سەوسەن محەمەد میرخان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، جەختی لەسەر یاسایی بوونی دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای وت"پارتی زۆر دانی بەخۆیدا گرت و زۆر دەرفەت بە یەکێتی درا، تا هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەست پێبکرێت، بەڵام یەکێتی خۆی دەدزییەوە، بۆیە پارتی هەنگاوی دروستی نا بۆ گێڕانەوەی مافی هەڵبژاردن بۆ خەڵک."

ئەمڕۆ شەمە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێم بە ئامادەبوونی 5 ئەندامی لە کۆی 8 ئەندام، بۆ سوێندخواردنی یاسایی دوو ئەندامی نوێی ئەنجومەنی کۆمیسیاران کۆبوویەوە، لەکاتێکدا سێ ئەندامی ئەنجومەنەکە کە نزیکن لە یەکێتییەوە بەشدار نەبوون.

ئەنجومەنی دادوەری، لەسەر دانیشتنەکەی ئەمڕۆ شەمە بۆ متمانەدان بە دوو ئەندامە نوێیەکەی کۆمیسیۆن، ڕووبەڕووی ڕەخنە کرایەوە گوایە "ململانێی حزبی" گەشتووەتە نێو بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری و دانیشتنەکەش بە بێ تەواوبوونی"نیسابی یاسایی"ئەنجامدراوە.

باڵانبۆ محەمەدی پەرلەمانتاری یەکێتی دەڵێت "دەسەڵاتی دادوەری خۆی هەنگاوی نایاسایی بنێت، چۆن دەتوانن ڕێگری لە کاری نایاسایی بکات، ئەمە مەهزەلەیەو ناشیرینکردنی قەوارەی هەرێمە."

بەڵام زانا رۆستایی شارەزای بواری یاسا پێیوایە، ئەنجومەنی دادوەری لە دام و دەزگای فەرمییەوە نوسراوی بۆ کراوەو گرفتەکە لای ئەوان نییە، بەڵکو گرفتەکە نەبوونی دادگایەکی هاوشێوەی دادگای فیدراڵییە لەهەرێم، تا پرسە ناکۆکی لەسەرەکان یەکلایی بکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانەی وتارێکیدا لە رێورەسمی ئاهەنگی دەرچوانی زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک جەختی لە یەکڕیزی لایەنەکان کردەوە.

نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا "ڕایگەیاند لایەنە سیاسییەکان تەنها بە یەکڕیزی و یەکتر قبوڵکردن و تەبایی و پێکەوە دەتوانن پارێزگاری لە قەوارەی فیدراڵی و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێن".

XS
SM
MD
LG