Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: هۆکاری مردنی 2 ملیۆن کەس لە 50 ساڵی ڕابردوودا کەشوهەوای سەخت بووە


ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە، کەشوهەوای سەخت لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 2 ملیۆن کەس. هەروەها ڕووداوەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا و ئاو زیانی ئابوورییان لێکەوتووەتەوە کە بە 4.3 تریلیۆن دۆلار لە سەرانسەری جیهاندا لە هەمان ماوەدا مەزەندە دەکرێت.

ئاژانسی کەشناسی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، زیانە ئابوورییەکان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان. بەڵام دەڵێت باشترکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانییەکان.

WMO لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “زیانەکانی ئابووری زۆر بەرزبوونەتەوە. بەڵام باشتربوونی هۆشداری پێشوەختە و مامەڵەکردن لەگەڵ کارەساتەکان ژمارەی قوربانیانی لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا کەمترکردووەتەوە.

دەزگای کەشناسی کە بنکەکەی لە شاری جنێڤی سویسرایە، چەندین جار هۆشداری داوە سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوای دروستکراوی مرۆڤ. دەشڵێت بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ژمارە و چڕی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوای بەرز کردوەتەوە، لەوانە لافاو، زریان، کەشوهەوای لە ڕادەبەدەر گەرم و کەمی باران.

ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاند، زۆربەی زیانە ئابوورییەکانی نێوان ساڵانی 1970 بۆ 2021 لە ئەمەریکا ڕوویانداوە. زیانەکانی ئەوێ کۆی گشتی یەک تریلیۆن و 700 ملیۆن دۆلار بووە. بەڵام لە٪90ی گیانلەدەستدان لە جیهاندا لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا بووە. ڕێکخراوەکە دەشڵێت وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان تووشی تێچووی زۆر بوون کاتێک قەبارەی ئابوورییەکانیان لەبەرچاو بگیرێت.

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی کەشناسی جیهان، پێتێری تالاس گوتی "زریانی مۆکا نیشانی دەدات کە چۆن وڵاتان مەترسیان لەسەرە ". سەختی کەشوهەوا و مەترسییەکانی پەیوەست بە ئاو دەگرن ئەستۆ، زریانی بەهێزی زەریاکان لەم مانگەدا سەرانسەری میانمار و بەنگلادیشی گرتەوە.

گوتیشی "لە ڕابردوودا هەردوو وڵاتی میانمار و بەنگلادیش بە دەیان و تەنانەت سەدان هەزار کەسیش تووشی گیان لەدەستدان بوون". "بەهۆی هۆشداری پێشوەختە و بەڕێوەبردنی کارەساتەکانەوە ئەم ڕێژەی مردنە کارەساتبارانە ئێستا بوون بەمێژوو".

هەروەها گوتیشی "هۆشداری پێشوەختە ژیانی مرۆڤ ڕزگار دەکات".

12 هەزار ڕووداوی کەشوهەوای سەخت ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی نزیکەی 12 هەزار ڕووداوی کەشوهەوای سەختی لە ئەتڵەسی دەستنیشانکردوە، لەوانە مردن و زیانەکانی ئابووری بەهۆی کەشوهەوا و مەترسییەکانی پەیوەست بە ئاوەوە. نوێکردنەوەی ڕاپۆرتێکە ماوەی نزیکەی 50 ساڵی تا ساڵی 2019ی گرتۆتەوە.

ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی دان بەوەدا دەنێت کە دەکرا ژمارەی کارەساتەکان هەڵکشێت بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕاپۆرتکردن لەسەر ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا. هەروەها ئاژانسەکە دەڵێت ئەو ڕاپۆرتانە ڕەنگە زیانە ئابوورییەکان بە کەم بزانن.

لە ئەفریکا ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی زیاتر لە 1800 کارەسات و 733 هەزار و 585 مردنی پەیوەست بە کەشوهەوای توندەوە تۆمارکردوە، لەنێویاندا لافاو و زریان. ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، زۆرترین تێچووی زریانەکەی گەردەلولی گەرمی ئیدای بووە لە ساڵی 2019دا، کە بەپێی زانیارییەکان 2.1 ملیار دۆلار زیانی لێکەوتووەتەوە.

نزیکەی 1500 کارەسات ڕووی لە باشووری ڕۆژئاوای زەریای هێمن کردووە، بەهۆیەوە 66 هەزار و 951 کەس گیانیان لەدەستداوە و 185.8 ملیار دۆلار زیانی ئابووریی لێکەوتووەتەوە.

ئاسیا ڕووبەڕووی زیاتر لە 3600 کارەسات بووەتەوە، کە بەهۆیەوە ٩٨٤984 هەزار و 263 کەس گیانیان لەدەستداوە و 1.4 تریلیۆن دۆلار زیانی ئابووری بووە، زۆربەیان بەهۆی کاریگەریی زریانەکانەوە بووە.

لە ئەمریکای باشوور 943 کارەسات ڕوویدا کە بووەتە هۆی مردنی 58 هەزار و 484 کەس و زیانی ئابووری زیاتر لە 115 ملیار دۆلار بووە.

زیاتر لە 2100 کارەسات لە ئەمریکای باکوور و ئەمریکای ناوەڕاست و کاریبی بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 77 هەزار و 454 کەس و زیانی ئابووری دوو تریلیۆن دۆلار بووە.

ئەوروپا نزیکەی هەزار و 800 کارەساتی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە 166 هەزار و 492 کەس گیانیان لەدەستداوە و 562 ملیار دۆلار زیانی ئابووریی لێکەوتووەتەوە.

پێشتر لە مانگی 5دا ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی ڕایگەیاندبوو کە پێدەچێت پلەکانی گەرمای جیهان تا ساڵی 2.27 بە ڕێژەی 1.5 پلەی سەدی بەرزببنەوە، دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو کە ئەوە ئاستێکی مەترسیدارە، دەتوانێت ببێتە هۆی مردن و زیانگەیاندن بە سیستەمی ژینگەی جیهان.

سەرچاوە / AP

XS
SM
MD
LG