Accessibility links

کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمنی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە حزبە کوردەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی


دیمەنێکی دوای هێرشە سنووربەزێنەکانی ئێران بۆ سەر حزبە کوردییەکان لە ناوچەی زەرگوێز
دیمەنێکی دوای هێرشە سنووربەزێنەکانی ئێران بۆ سەر حزبە کوردییەکان لە ناوچەی زەرگوێز

بەپرسانی ئەمنی و ئاسایشی عێراق و هەڕێمی کوردستان ڕۆژی شەممە سەبارەت به ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان تاران و بەغدا لەبارەی بوونی لایەنه کوردەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

قاسم ئەلعەرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە،27ی مانگی پێنج ڕۆیشتووەتە شاری سلێمانی و لەگەڵ ڕیبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.

بە گوتەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ڕێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق تەوەری سەرەکی ئەو گفتوگۆ و دیدارە بووە. هەروەها بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسانی پاسەوانی سنووری عێراقیش لەو دیدارەدا ئامادە بوون.

محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گفتوگۆیەکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتی "تاکو ئێستا لەبارەی ئەو دانیشتنەی دەستەی عێراق و هەرێم هیچ زانیارییەکمان پێنەدراوە."

گوتیشی "دانیشتنی عێراقییەکان لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێم کارێکی ئاساییە و ئەوان لە چوارچێوەی وڵاتێکدان و دەبێت پرسەکانی وڵاتەکە پێکەوە تاوتوێ بکەن."

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ئێران و عێراق ڕێککەوتنێکیان لەسەر هاوکاریی ئەمنی واژۆ کرد کە تەوەری سەرەکی ئەو ڕێککەوتنە، ئامادەبوونی لایەنە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بوو لە هەرێمی کوردستان.

کۆماری ئیسلامی پارتە کوردییەکان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە ڕێگای هەرێمەوە ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ناوخۆی ئێران ئەنجام دەدەن و هەروەها دەستیان لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکوومەتدا هەیە.

محەمەد نەزیف قادری ئەو بانگەشە و تۆمەتانەی ئێران ڕەتدەکاتەوە و لەو بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت "بە پێچەوانەی تۆمەت و پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی، حزبە کوردییەکان تاکو ئێستا هیچ جۆرە جموجوڵێکی سەربازییان لە ڕێگای هەرێمەوە دژی ئێران ئەنجام نەداوە."

لە ساڵانی ڕابردوودا سوپای پاسداران چەندین جار بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر پێگەی ئەو حزبانە و بەو هۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگەی ئەو حزبانەش گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێز قادری لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا سەبارەت بە پلانی داهاتووی حزبەکەی بەرامبەر بە ئەگەری فشاری عێراق و هەرێم بۆ سەریان گوتی "بەرامبەر بە هەر پرس و بابەتێک کە لەکاتی خۆیدا بیانەوێت لەگەڵمان باسی بکەن، وەڵامی پێویستمان دەبێت و تاکو ئێستاش هیچمان پێ ڕانەگەیندراوە و هەر بۆیە دروست نییە لە ئێستادا هیچ بڵێین."

محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند حکومەتی عێراق پابەند بووە بە چەککردن و دەرکردنی لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە عێراق لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەمنیدا.

بە وتەی ناوبراو ئەگەر حکومەتی عێراق لەو کاتەی بۆی دیارکراوە، پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ نەکات، ئەوا هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئەو حزبانە و بنکە و بارەگاکانیان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ هەینیش وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئیرنا لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەشدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان دوو وڵات کراوەتەوە.

دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG